Skip to the content

هێڵی 119؛ خزمەتگوزارییەكی بەردەوامی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی

 

گەرمەهێڵیی 119، هێڵێكی فریاكەوتن و بەتەنگەوەچوونی كێشە و توندوتیژییە خێزانییەكانە و لە كۆتاییی ساڵی 2018 لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دامەزراوە؛ 24 كاتژمێر بەردەستە و لەو ڕێگەیەوە بەشێك لە هاووڵاتییان بۆ چارەسەری كێشە و گیروگرفتە خێزانییەكانیان، لە هەموو هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوە دەكەن.

ڕائید كاروان جەمیل، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە هێڵی گەرمی 119 تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی پەیوەندی و وەڵامدانەوەمان هەیە، گرفتار ڕاستەوخۆ پەیوەندی دەكات و داوای هاوكاری دەكات. ئەوەش بە پێی دۆخی هاووڵاتییەكە دەگۆڕێت. بە پێی سروشتی كێشەكە گەر پێویست بێت سكاڵا تۆمار دەكات، یان هەندێك دۆسیە هەن پێویستی بە سكاڵا نییە و ڕەوانەی نووسینگەی ڕاوێژكاریی خێزانی دەكرێت، لەوێش كێشەكەی بۆ چارەسەر دەكرێت؛ لەم ڕووەوە چەندین كەس ژیانیان ڕزگار كراوە."

سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، گوتی: "مەرج نییە فریاخوازان لە گەیاندنی كێشەكانیان، سكاڵا تۆمار بكەن و دۆسیەكانیان بچێتە بەردەم دادگا، ئەگەر كەسێك پێویستیی بە ڕاوێژی یاسایی و دەروونی و كۆمەڵایەتی هەبێت، دەتوانێت لە ڕێگەی 119ـەوە داوای هاوكاری بكات. ئەم هێڵە متمانەیەكی باشی دروست كردووە و خەڵك بۆ چارەسەری كێشە خێزانییەكانیان زۆر پشتی پێ دەبەستن."

تەنیا لە ساڵی 2022 دا، 10 هەزار و 305 كەیس لە ڕێگەی گەرمەهێڵی 119ـەوە تۆمار كراون، 2 هەزار و 555 كەیس ڕاوێژكاری بوونە و لەوانەش 826 كەیس بە ئاشتكردنەوە كۆتایی هاتوون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە، سەرنجێكی تیژی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە خێزانییەكانە و ئەو ئامانجەشی وەكوو یەكێك لە ئەركەكانی حكومەت بۆ پاراستنی شیرازەی كۆمەڵایەتی و خێزان بینیوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری