Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و تیایدا چەند بابەتێک تاووتوێ دەكرێن.
بڕگەیەكی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی ڕێكارەكانی فریاگوزاریی شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕووداوی ئـــاگرکەوتنەوە لە باڵەخـــانەیەک لە ئیـــدارەی ســەربەخۆی ســـۆران كە لە 8ـی ئەم مانگەدا ڕووی دا و بـــووە هـــۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
لە بڕگەیەكی تری كۆبوونەوەكەدا، بڕیاری كۆتایی لەسەر ڕاپۆرتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستنەڕووی ڕاسپاردە و چارەسەرەکان دەدرێت، کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا خرابووە ڕوو و بڕیاردان لەسەر ڕاپۆرتەکە بۆ کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرابوو.
دوابڕگەی كۆبوونەوەكە، تاووتوێكردنی ڕاپۆرتێکی وەزیری كارەبای هەرێم دەبێت لەبارەی ڕەوشی كارەبا و گرفتی کوژانەوەی گشـتیی سیستمی کارەبا و هەوڵی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی كارەبا. هەر پەیوەست بەو پرسە بەرنامەی پریپەید و نرخەكەی تاووتوێ دەكرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری