Skip to the content

برنجی بەبرەوی گەرمیان دەنێردرێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق

لە خاکی بەپیتی گەرمیان سێ جۆر برنجی بازاڕگەرم بەرهەم دەهێنرێن و ساڵانەش دەنێردرێنە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

لەم وەرزەدا جووتیارانی گەرمیان خەریکی دوورینەوەی چەڵتووکن و لە بەرهەمەکانیان و هەناردەکردنی برنج ڕەزامەندی دەردەبڕن.

نەگازەی بازیان، نەگازەی کوردی و چەڵتووکی بەرازیلی، لەو سێ جۆر برنجەن کە لە گەرمیان دادەچێنرێن و بەرهەم دەهێنرێن.
محەممەد عەبدوڵڵای جووتیار کە ٣٠ دۆنم برنجی داچاندووە، لەسەر ئەم بابەتە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "برنجەکە باشە و خواستی زۆری لەسەرە، جگە لە بەکارهێنانی لە هەرێم، بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش ڕەوانە دەکرێت."

وا پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی چەڵتووکی گەرمیان زیاتر لە ١٤٠٠ تۆن بێت.

ئیسماعیل محەممەد، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵیی گەرمیان، گوتی: "زیاتر لە ١٦٠٠ دۆنم زەویی گەرمیان بە برنج داچێنراوە، وا دەخەمڵێنین ١٤٠٠ تۆن بەرهەممان هەبێت، دوای پڕکردنەوەی پێداویستیی گەرمیان بۆ برنج، ڕەوانەی شارەکانی دیکەی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت."

برنجی کوردی لە هەرێمی کوردستان برەوی زۆری هەیە، جگە لەوە لە ناوچەکانی عێراقیش خواستی زۆری پەیدا کردووە، حکومەتی هەرێمیش ساڵانە گەشە بەو کەرتە دەدات و پشتیوانیی جووتیاران دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری