Skip to the content

بەرگریی شارستانی لەبارەی بەكارهێنانی ئامێرە كارەباییەكان هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان

بە هۆی هاتنی سەرما و بەكارهێنانی ئامێرە گەرمكەرەوەكان بە شێوەیەكی نائاگا و نادروست، ئەگەرەكانی ڕووداوی شۆرتی كارەبا و ئاگركەوتەوە بەرز دەبنەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێریش، سەرباری هۆشداریدان، ڕایدەگەیەنێت:"لە 11 مانگی ڕابردوودا 1950 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە هەبوونە كە زۆربەیان بە هۆی كارەباوە بووە."
موقەدەم كاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت:"بە هۆكاری بەكارهێنانی ئامێرە كارەباییەكان بە شێوەیەكی خەمسارد و بێئاگایانە، ئەگەری ڕووداوەكانی شۆرتی كارەبا و ئاگركەوتنەوە زیاد دەكەن. لە هەمان كاتدا خراپیی كەرەستەكانی كارەبا و پێكەوەلكاندنی وایەرەكان و درێژكردنەوەیان بە شێوەیەكی نادروست، دەبێتە هۆی شۆرت و ڕووداوی ئاگركەوتنەوە."
ئەوەش دەڵێت: "پێویستە خەڵك لە كاتی خەودا تا دەكرێت ئامێرە كارەبایی و گەرمەكەرەوەكان بەجێ نەهێڵن، چونكە لە ئەگەری هەر ڕووداوێكدا، مرۆڤ لە خەودا ئەو هۆشیارییەی نییە بە تەنگ ڕووداوەكەوە بچێت و خۆی ڕزگار بكات."
ئەوەش زیاد دەكات:"لە 11 مانگی ڕابردوودا 1950 ڕووداوی جۆراوجۆری ئاگر هەبوون، كە زۆربەیان بە هۆی شۆرتی كارەباوە بوون؛ بە پێی ڕاپۆرتەكانمان، لە 40%ـی ڕووداوەكانی ئاگركەوتنەوە بە هۆی كارەباوە بووە، كەواتە پێویستە هاووڵاتییان بە تایبەت لەم وەزرەدا لە بەكارهێنانی ئامێر و كەرەستە كارەبایی و گەرمكەرەوەكان زۆر وریا بن."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری