Skip to the content

بەیاننامەیەک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

 شەوی ڕابردوو ٢٠٢٣/١٢/٣٠ کاتژمێر ١١:٤٥ بە ٢ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە.

ئەم هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.

ئێمە ئەو لایەنانەو حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.

 لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن.

چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین، کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک بە گونجاوی بزانین.

 

خوای گەورە پشت و پەنامان بێت.

 

پێشەوا هەورامانی

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٣/١٢/٣١