دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆک بە بەشداریی 34 وڵات بەڕێوە چوو
دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەمایی لە دهۆک لە ٩ تاکوو ١٦ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوە چوو و ٧ هەزار و ٩١٧ بینەریش لە ڕەگەز و تەمەنی جیاواز سەیری فیلمەكانیان كردووە.
ئەمیر عەلی، سەرۆكی فیلمەكانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆك، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "فێستیڤاڵەكە بوارێكی گرنگی ئاڵوگۆڕی كولتوورییە، چونكە ٣٤ دەوڵەت بە فیلمەكانیان لەم فێستیڤاڵەدا بەشدارییان كرد، ئەمەش تێكەڵبوون و گۆڕینەوەی ئەزموونێكە لە نێوان فیلمسازان و بەرهەمێنەران."
سەرباری قەیرانی دارایی و سستیی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، گرنگیدان بە كایەی كولتووری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا فێستیڤاڵی فیلم لە دهۆك بەردەوام بووە.
حەسەن عارف، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەكە دەڵێت:"حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە بایەخی بەو فێستیڤاڵەی سینەما داوە، لە كارنامەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیریدایە زیاتر گرنگی بەو بوارە گرنگە بدات."
سینەما، بەشێكە لە ڕایەڵی ناساندنی كولتووری و پێشاندانی قووڵاییی فەرهەنگیی هەر گەلێك، هاوكات كاریگەریدانان لەسەر بینەری ناوخۆیی و دەرەكی تاكوو بە هێزی كولتووریی هەر نەتەوەیەك كاریگەر بن.
نیزامەددین ئاریچ، دەرهێنەری بواری فیلم، لەوبارەیەوە گوتی: "بەشداریی ٣٤ وڵات لە فێستیڤاڵەكەدا، وا دەكات چیرۆك و كولتوور و هەست و كێشەكانی هەر وڵاتێكی بەشدار لە فێستیڤاڵەكە پێشان بدرێت و ئەوەش بۆ بینەرانی وڵاتی ئێمە زۆر پێویستە."
دەیەمین فێستیڤاڵی فیلم لە دهۆك، بە بەشداریی ٥٠ فیلمی كوردی و ٦٦ فیلمی بیانی لە ٣٤ وڵاتەوە بەڕێوە چوو. بەوەش ١١٦ فیلم بەشدارییان تێدا كرد، لە كاتێكدا لە فێستیڤاڵی نۆیەمی ساڵی پاردا ٩٨ فیلم بەشدارییان كردبوو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری