Skip to the content

وەزیری کشتوکاڵ: وڵاتانی کەنداو دەرگای بازاڕەکانیان بۆ کاڵاکانمان کردووەتەوە

پرۆسەی هەناردەکردنی بەروبوومە جیاوازە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و وەزیری کشتوکاڵییش دەڵێت: "وڵاتانی کەنداو خواستیان لەسەر بەرهەمی کوردستانە و دەرگای بازاڕەکانیان بۆمان خستۆتە سەر پشت."

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ناردنی هەنگوین بۆ وڵاتی قەتەر و وڵاتانی کەنداو، هاوکات خستنەڕووی هەنگوینی خۆماڵی لە ناوخۆدا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران یەکێک لە خەونە بەدیهاتووەکانی کابینەی نۆیەمە، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیران و تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ و تیمی جیاجیا، سەرپەرشتی و پشتیوانیی پرۆسەکەیان کردووە".

گوتیشی: "وڵاتانی کەنداو پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمدا زۆر باشە، دەرگەی بازاڕەکانیان بۆ ئێمە کردووەتەوە، قۆناغی دووەمی بەڕێکردنی هەنگوین بۆ ئەو وڵاتانە بە گورزەی تەواوەوە دەستی پێ کردووە، جگە لەوە پەتاتە و هەنار و سێو و بەرهەمی دیکە دەنێرینە دەرەوە".

هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانی برنج، سماق، تەحین، هەنار، هەنگوین، گوێز، پەتاتەی هەناردە کردووە و مەبەستییەتی چەندین بەرهەمی دیکەش بخاتە بازاڕەکانی وڵاتانەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری