Skip to the content

پرۆژەیەكی نوێ بۆ زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی جێبەجێ دەكرێت

بۆ زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی و كەمكردنەوەی كاریگەرییە كۆنەكانی وشكەساڵی، كابینەی نۆیەم چەندین بەنداو و پۆندی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە و ئێستاش پرۆژەیەكی نوێی پۆند بۆ زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی جێبەجێ دەكات.
لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەی ژیاندنەوەی كانی لە ناوچەی سیساوە و شیناوە لە قەزای شەقڵاوە و هەریر كە سەرچاوەی كشتوكاڵی ناوچەكە بوون، جێبەجێ دەكرێت.
عەلی مەحموود، مامۆستای زانكۆ و شارەزای بوارەكە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:"پرۆژەمان ئەوەیە ئەم كانییە بژیەنینەوە، چونكە 13 مەتر ئاوەكەی دابەزیوە، بۆیە چەندین پۆندمان لە دەوروبەری دروست كردووە، تاكوو ئاوەكە بەرەو خوارەوە داچۆڕێت و ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەكەدا بەرز بێتەوە و سەرچاوەی كانی لە ناوچەكەدا بژیەتەوە."
ئەم پۆندانە جگە لە زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی، سەرچاوەیەكی گرنگی بواری گەشتیاری و ژیاندنەوەی سروشتی ناوچەكانن.
ڕێمان عەبدولمەجید، بەرپرسی بەشی ڕاپەڕاندنی پرۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەكانی ئاو، لە بارەی پرۆژەكەوە گوتی: "پرۆژەی پاراوكردنی دەستكردی ئاوی ژێرزەوی، لە سێ قۆناغ پێك دێت، یەكەمیان لێدانی سێ بیری ئاو لە ناو پۆندەكان، هەروەها لێدانی بیری چاودێری، لەگەڵ لێدانی دوو بیری پاراوكردن لە بەرزاییەكانی تارین. ئامانجیش ئەوەیە كە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە و كانییەكان بژیەنەوە."
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ١١٨ پۆند لەسەر ڕووبەری ٤٧٩ هەزار و ٣٦٤ دۆنم دروست کراون، کە توانای گلدانەوەى ٢٢ ملیۆن و ٦١٣ هەزار و ٢١٥ مەتر سێجا ئاویان هەیە و تێچوونی دروستکردنیان گەیشتووەتە ٢٨ ملیار و ٧٨٨ ملیۆن و ٣٧٦ هەزار و ٢٧٨ دینار.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری