Skip to the content

ڕێوشوێنی تەناهی لە سەریساڵدا توندوتۆڵ و پتەوتر دەکرێت

سەرباری ئەوەی لە پارێزگای هەولێر، هیچ ئاهەنگێکی گشتی و فەرمیی سەریساڵ، بە هۆی ڕێزگرتن لە گیانی قوربانییانی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی سۆران و حەمدانییە بەڕێوە ناچێت، بەڵام دەزگە پەیوەندیدارەکان، دەرچوونی خەڵک و ئاهەنگە تایبەتەکان ئاسایشمەند دەکەن.

ڕامی نووری، قایمقامی قەزای عەنکاوە لە شاری هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوتووە:"هیچ ئاهەنگێکی فەرمی لە شارەکەماندا ناگێڕدرێت، بەڵام پلانی ئەوەمان هەیە لەڕووی ئاسایشەوە، سەرپەرشتیی سەقامگیری و ئاسایشی خەڵک بکەین، کە خۆیان ئاهەنگی سەریساڵ دەگێڕن".

لە هەرێمی کوردستاندا، چوونەدەرەوەی خەڵک لە سەریساڵدا بووەتە دیاردەیەکی گشتی و بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ئەو پشووە وەکوو دەرفەتی خۆشیدەربڕین بەکار دەهێنن.

عەقید هێمن حەمەدەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، لەسەر ئەم پرسە گوتی: "بۆ ڕێکخستی هاتوچۆ، ئەمساڵیش پلانی تۆکمەمان بۆ سەرپەرشتیی هاتوچۆ داناوە، تەواوی ئەفسەر و کارمەندان و بەشەکانمان دەخەینەگەڕ، تاکوو هاتوچۆ باش بەڕێوە بچێت و گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت."

١ـی کانوونی دووەم لە ڕۆژژمێری گریگۆری، بە سەریساڵی زایینی دادەنرێت، ئەمەش بووەتە بۆنەیەکی جیهانی و خەڵک لە تێکڕای وڵاتان، ئاهەنگ و خۆشیی خۆیانی تێدا دەردەبڕن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری