Skip to the content

یەكەمین پێشبڕكێی توێژینەوەی قوتابییانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو

بە درووشمی "گەڕان بە دوای زانین و داهێنان" ڕۆژی 3ـی كانوونی یەكەمی 2023، یەكەمین دیداری زانكۆكانی كوردستان بۆ پرۆژەی توێژینەوەی قوتابیان لە زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر بەڕێوە چوو.
د. نەبیل فەخری، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پڕۆگرام لە زانكۆی سەڵاحەدین، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "زانكۆی سەڵاحەدین یەكەمین پێشبڕكێی توێژینەوەی قوتابیانی بۆ 18 زانكۆی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی 33 پرۆژەی توێژینەوە بەڕێوە برد. لێرەدا قوتابییان بەرهەمەكانی خۆیان پێشكەش كرد، تاكوو ببێتە هاندەرێكی باش بۆ داهاتووی توێژەرەكان و قوتابییان. بەشێكی ئەو توێژینەوانەش لە گۆڤارە ئاستبەرزەكانی جیهان بڵاو بوونەتەوە و بڵاو دەبنەوە. لە ساڵی داهاتووداشدا ئەو چالاكییە بەردەوام دەبێت، تا قوتابییان بەرهەمی زانستیی خۆیان پێشكەش بكەن و هەلیكاری زیاتر لەگەڵ كۆمپانیاكان بدۆزنەوە."
هەڤین بورهان، وەكوو قوتابییەك توێژینەوەی دەرچوونی پێشكەش كردووە و بەشداریی دیدارەكەی كردووە، ئەو گوتی: "دیداری لەم شێوەیە زۆر گرنگە، هەم بۆ دەرچووانی زانكۆكان كە توێژینەوەیان كردووە و لێرەدا پێشانی خەڵك و قوتابیانی دەدەن، هەم بۆ كاری پێكەوەیی و توێژینەوەسازی كە لە نێوان قوتابیاندا دروست دەبێت. لە هەمان كاتدا ڕێنیشاندەرێكیشە بۆ ئەوانەی لە قۆناغی توێژینەوەدان و كۆتایی ساڵی زانكۆیانە."
بڕیارە ئەم جۆرە پێشبڕكێیەی توێژینەوە ساڵانی داهاتووش لە زانكۆی سەڵاحەدین بەردەوام بێت و هانی قوتابیان بدات بۆ پێشكەشكردنی توێژینەوەی بەكوالیتی و هاندانی بواری توێژینەوەسازی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری