جوتیار عادل: بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دانوستان و هەماهەنگییەكان بەردەوامن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێكەوتی ٩ی شوباتی ٢٠٢٣، جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی، لەبارەی كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی شوباتی ٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەست و بۆ میدیاكانی هەرێمی كوردستان قسەی كرد.
لە سەرەتای كۆنگرەكەدا، گوتەبێژی حكومەت، سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هەڵوێستی هاوخەمی و هاوكارییان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكانی توركیا و سووریا و باسی لەوەش كرد كە بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، هاوكارییە پزیشكی و پێداویستیی جۆراوجۆر بۆ خەڵك نێردراوە و كەمپینی حكومەتیش بۆ هاوكارییان ڕاگەیەندراوە.
جوتیار عادل لەبارەی هاوكارییەكانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكانەوە گوتی: " تیمی نێردراو بۆ توركیا و سووریا لە ٨٤ كارمەند پێكدێن، ٢٥ ئامبولانس و ١٠ تیم لە پارێزگای هەولێر و ١٥ تیم لە پارێزگای دهۆكەوە رەوانە كراون. ٣٠ پزیشك نێردراون: ٦ پزیشكی فریاكەوتن، ٤ پزیشكی ئێسك و شكان، ٢ پزیشكی نەشتەرگەری، پزیشكێکی ڕاهێنراوی مێشك و بڕبڕەی پشت، ١٧ پزیشكی فریاكەوتن لە ئێسك و شكان و نەشتەرگەریی گشتی. جگە لە ناردنی ٢٦ كارمەندی ڕاهێنراوی پێشكەوتوو و وەڵامدەرەوەی خێرا، ٣ بارهەڵگری دەرمان بە قەبارەی ١٤ تەن.
ئەوەشی گوت: "حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاڵپشتیی لۆجیستی و دارایی و سیاسیی تیمەكان لەو هاوكارییەدا بەردەوام دەبن و سوپاسی هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەكوو تەندرووستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەكەین، كە هاوكار بوون بۆ گەیاندنی ئەو تیمانە بۆ شوێنی ڕووداوەكان لە توركیا و سوریا."
لەبارەی هاوكارییەكان بۆ خەڵكی سووریا، جوتیار عادل، گوتی: " دۆخی سیاسی و ئاسایشی سووریا جێگیر نییە و گەمارۆشی لەسەرە، ناردنی یارمەتی پشكنینی زۆری پێویستە و پڕۆسەكە هێواشە، بەڵام لەسەر گەیاندنی هاوكارییەكانمان بۆ خەڵكی سووریاش بەردەوام دەبین."
لەبارەی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لەسەر كوالیتی و خۆگریی بینا و باڵەخانەكانی كوردستان لە كاتی بوومەلەرزەدا، گوتەبێژی حكومەت گوتی: "شوقە و باڵەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی زانستی و بە ستانداردی نێودەوڵەتی دروست كراون، بەڵام هەر پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن و لە كاتی ڕووداوەكاندا وریا بن."
"بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە، پەیڕەوی یاسای متمانەبەخشین بە دامەزراوە پەروەردەییەكان بوو، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند كرا. ئەوەش بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن و گونجاندنی خواستی بازاڕ و تواناكان و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر. لەم ڕووەوە دامەزراوەكان لەسەر بنەمای نێودەوڵەتی و بە پێوەرە زانستییەكان هەڵدەسەنگێندرێن."
گوتیشی: "یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی گفتوگۆی كۆبوونەوەكە، پێشكەشكردنی زیاتری خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان و پێشخستنیان بوو. یەكێك لە ڕاسپاردەكانی سەرۆكی حكوومەت چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو و كارەبای شاری دەربەندیخان بوو، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران، بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی بكەن."
لەبارەی گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقیشەوە، گوتی: "كۆبوونەوەكانی هەردوولا بەردەوام دەبن و هەماهەنگی باش كراوە؛ خاڵی هاوبەش و ناكۆك هەن، گفتوگۆكان بەشێكی لەسەر بودجەیە و بەشێكی لەسەر ئەو یاسایانەن دەنگیان لەسەر دراوە، وەكوو یاسای نەوت و غاز و ماددەی ١٤٠، بەڵام هەست بەوە دەكرێت لە هەردوو لایەنەوە خواست بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە."