دووسایدی كەلار-كفری هەرێمی كوردستان بە شارەكانی دیكەی عێراق دەبەستێتەوە
یەکێک لە کارە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دروستکردن و بوونیادنانی ڕێگاوبانە بۆ شار و شارۆچکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەپێناو ئاسانکارییکردن بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و شۆفێران.
دووسایدی نێوان کەلار – کفری یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکان کە بەهۆیەوە، کاتی گەیشتن لەنێوان ئەو دووشارە، لە ٦٠ خولەکەوە و بۆ ٣٠ خولەک کەمبووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە ڕێگاکە هەرێمی کوردستان بە شارەکانی دیکەی عێراق دەبەستێتەوە.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەڵێت: "ئەو پرۆژەیە لە چوار قۆناخ پێکهاتووە و سێ قۆناخی پڕۆژەکە تەواو کراوە کە تا ئێستا ٨ كیلۆمەتر لەو ڕێگایە تەواو بووە کە بە پانییەکەی ١١ مەترە و بەشەكەی تری ٨،٢٥ مەترە. لەئێستادا کار لە قۆناخی چوارەم بەردەوامە کە بە درێژییەکەی ٢٦ كیلۆمەترە و گوژمەكەی نزیكەی ٤٤ ملیار دینارە".
لە ئێستادا، کارکردن لە قۆناخی چوارەمی پڕۆژەکە بەردەوامە و ڕێژەی ئەنجامدراو لە پڕۆژەكە گەیشتوەتە ٩٤٪ی كارەکردن تێیدا بەردەوامە.
بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئیدارەی گەرمیان دەشڵێت:"لە چوارچێوەی ئەم رێگایەدا توانیومانە رێگای گوندەكانی (دوانزە ئیمام – رەحیم و ئەركان – پیرە فەقیرە – كوێخا حەسەن- قەرەبڵاغ)، بەدرێژی ٢٨ كیلۆمەتر تێكەڵەڕێژ بكەین و رێگای كفری - كارێز ببەینە بواری جێبەجێكردنەوە کە درێژییەکەی نزیكەی ٢ كیلۆمەترە بۆ ئەوەی دەروازەیەك بۆ شاری كفری دروستبكرێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەوبان بەردەوامە و ئەوەشی لە پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی کەلار – کفری ماوە تەواو بکرێت، تەنیا جێگیرکردنی هێماکانی هاتووچۆیە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٦ـی شوباتی ٢٠٢٣