هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٥ هەزار برینداری بوومەلەرزەكانی توركیا و سووریای چارەسەر کرد
دوای ١٣ ڕۆژ مانەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، تیمە فریاگوزارییەکەی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٣ گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازییان لێ کرا.
ئامانج لە چوونی ئەو تیمە فریاگوزارییە لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ بۆ ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، بههاناوەچوونی بریندار و زیانلێکەوتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه بوو کە ئەم تیمەش لە ٨٢ پزیشک و کارمەندی تەندرووستی و ناوخۆ پێک هاتبوون کە لە ڕێگەی ٣٥ ئەمبوڵانس و ٤ نەخۆشخانەی گەڕۆک و چەندین بارهەڵگر و ئامێری پێویستەوە، ڕۆژانە و ٢٤ کاتژمێر دەرمان و چارەسەری فریاگوزارییان پێشکەش بە برینداران و لێقەوماوان دەکرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٥ هەزار هاووڵاتیی چارەسەریان بۆ کرا.
د. ڕهعەد نه‌جمه‌دین، سه‌رۆكی تیمی ته‌ندرووستیی هه‌رێمی كوردستان، لەبارەی ئامانجی چوونیان بۆ ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی ڕاگەیاند: "لە ڕێگەی تیمە دیاریكراوەكانمانەوە، به زووترین كات به هانای برینداران و لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه چووین و بە هەماهەنگى لەگەڵ ده‌زگای (ئافاد)، به دوای ئه‌و هاووڵاتییانه‌دا ده‌گه‌ڕاین كه له ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه داڕووخانهوهكان گیریان خواردبوو".
تیمەکەى هەرێمى کوردستان، لە شارۆچكه‌ی ئیسڵاحییه له دیلۆكی باكووری كوردستان، به شێوه‌ی ٢٤ كاتژمێری به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و خێزانانه ده‌كرد كه ڕزگاریان ببوو، به‌ڵام بێ په‌ناگه و شوێن بوون و له‌نێو خێوه‌ت و ئۆتۆمبێل ده‌مانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پێویستیان پێ بگه‌یێنرێت، كه ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵیان تێدابوو.
سه‌رۆكی تیمی فریاگوزاریی تەندرووستیی هه‌رێمی كوردستان، بۆ خستنەڕووی زانیاریی زیاتر و لەبارەی ئەرك و كارەكانیان لەم هەڵمەتەدا، ئاماژەی بەوە كرد کە وه‌ك تیمی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، یه‌كه‌م تیم بوون گه‌یشتنه ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان؛ و لە ١٣ ڕۆژی مانەوەیان و کارکردنى سێ شیفتى "چارەسەرى پزیشکى سەرەتاییمان پێشکەش بە زیاتر لە ٥ هه‌زار هاووڵاتیی نەخۆش كرد و زیاتر له ٧٠ ته‌رم و دەیان هاووڵاتیشمان له ژێر باڵه‌خانه‌كاندا ده‌رهێنان و ڕزگار كردن".
ڕۆژی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی ٧.٧ و ٧.٦ پلەی رێختەر، کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، چەندین پارێزگا و شار و ناوچەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە. دوای بوومەلەرزەكە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ بەهاناوەچوون و هاوكاریی لێقەوماوان، بۆ ناوچە زیانبەركەوتووەكان ڕاسپێردران.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٣ـی شوباتی ٢٠٢٣