پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت
شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک خەرج دەکرێت و چەکی تەرخانکردنی پارەکە گەیشتووەتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانەوە ڕایگەیاند: ''چەكی پارەکە بۆ ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ گەیشتووە، لە دهۆک خەرج کراوە و ئەمڕۆ لە هەولێر دەست بە خەرجكردنی دەكەین".
لەبارەی دابەشکردنی پارەکە بۆ جووتیارانی سنووری پاریزگای سلێمانی، نەوزاد شێخ کامیل، ئەوەی گوت: "لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لە سلێمانی خەرج دەكرێت و پڕۆسەکە لەوێش بەڕێوەدەچێت".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی کە گەیشتووە، دەڵێت: "بڕەكەی ١٣٩ ملیار و ٦٨٧ ملیۆن دینارە و تایبەتە بە شایستە داراییەکانی ٢٠١٥ی گەنمی جووتیاران".
بەپێی زانیارییەکان، پارەکە بەم شێوەیە بەسەر جووتیارانی پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت: ''هەولێر ٦٠ ملیار و ٥٦٩ ملیۆن و ٧٤٨ هەزار دینار، سلێمانی ٤٤ ملیار و ١٢٩ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار دینار، لە دهۆکیش ٣٤ ملیار و ٩٨٧ ملیۆن و ٩١١ هەزار دینار.''
ئەم خەرجکردنە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیدا بووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٣