Skip to the content

د.جوتیار عادل: کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەت ئەنجامی باشیان هەبووە

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجامداوە و کۆبوونەوەکانیش ئەنجامی باشیان هەبووە و دەشڵێت چاوەڕێی دەکەن ئەو خاڵانەی کە ناکۆکیان لەسەرە، لە گەڵ بەغدا بگەنە لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەریان.

د.جوتیار عادل، بە پێگەی فەرمی حکومەتی راگەیاند:''دوێنێ و ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا، کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بوو و تیایدا باس لە بنەما سەرەکییەکانی یاسای نەوت و گاز کرا و شاندی حکومەتی هەرێم تێڕوانینی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرۆژە یاساکەوە خستەڕوو و پاشان گفتوگۆ لە بارەی ئەو بنەما سەرەکییانە کرا بۆ ئەوەی لە یاسای نەوتی عێراق جێگیر بکرێن.''
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:''ئەمڕۆش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار هەبوو بۆ داڕشتنی دواین خاڵەکانی بودجە عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و گفتوگۆش لەسەر تەوەرە سەرەکییەکان کراوە و لێک تێگەیشتنی باشیش هەبوو و دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە کرا کە پێویست بوو لەو بودجەیە جێگیر بکرێن.''
د.جوتیار عادل راشیگەیاند:''هەر ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقی فیدراڵی کرد بۆ باسکردن لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان هەردوولا سەبارەت بە تەعریفەی گومرکی و هەماهەنگی باشتر لە نێوان هەردوولا، کۆبوونەوەکانیش ئەنجامی باشیان هەبووە، بەڵام دیسانەوە چاوەڕێین ئەو خاڵانەی کە هێشتا ناکۆکیان لە سەرە گفتوگۆیان لەسەر بکەین و بگەینە لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش.''


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ی شوباتی ٢٠٢٣