Skip to the content

سیستەمی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی بیانی دەکرێتە دیجیتاڵی

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگیی نێوان نوسینگەی سەرۆک وەزیران، نووسینگەی وەزیری ناوخۆ، و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، پرۆسەی هەڵسەنگاندنی سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی هاتن و چوون و پێدانی ڤیزا ئەنجام درا. لە ئێستادا، سیستەمەکان بە شێواز و ڕێکاری نوێ و لە ژێر ناوی (سیستەمی کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکان)دا دروستکراوەتەوە.
سیستەمی کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکان کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پێکهاتووە لە ١٦ سیستەمی پێکەوەبەستراو، پێنج لەم سیستەمانە ڕووکاریان هەیە و لەلایەن چەند ستاف و بەکارهێنەری جیاوازەوە بەکار دەهێنرێن و ١١ سیستەمیش هیچ ڕووکارێکیان بۆ بەکارهێنەر نییە و وەک پاڵپشت بۆ ئەو سیستەمانەی دیکە کار دەکەن و پوختەی سیستەمەکانیش لەم بەشانە پێک دێت:

پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی
لەم پۆرتاڵەدا، هاوڵاتییانی گشت وڵاتانی جیهان بێ جیاوازی، دەتوانن لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە داواکاری بۆ ڤیزای ئەلیکترۆنی بۆ هاتنە ناو هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن. ئەم پۆرتاڵە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خاوەندارێتی دەکرێت.


سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاریی دەستەبەر
ئەم سیستەمە بریتییە لە سیستەمێک بۆ ئەو دەستەبەرانەی کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ڕێگەیان پێ دراوە بۆ بوون بە دەستەبەر بۆ هاوڵاتی ئەو وڵاتانەی کە پێویستییان بە ڤیزا هەیە بۆ هاتنە ناوەوەی هەرێمی کوردستان. لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە، دەستەبەر دوای وەرگرتنی داواکاریی ڤیزای گەشتیاری بیانی دەتوانێت پێداچوونەوە بۆ داواکارییەکە بکات و داواکارییەکە بنێرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆ.

سیستەمی بەڕێوەبردن و پێدانی ڤیزا
ئەم سیستەمە بریتییە لە سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی داواکارییە پێشکەشکراوەکانی ڤیزا و پێدانی ڤیزای هەرێمی کوردستان. ئەم سیستەمە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڤیزای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەکاردێت.

سیستەمی تۆماری نیشتمانیی ڕاگیراوان
ئەم سیستەمە بریتییە لە سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی تۆمار و زانیاریی ڕاگیراوان، کە لە ئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سیستەمەکە بەڕێوە دەبرێت.

سیستەمی بەڕێوەبردنی هاتن و چوون لە سنوورەکان
ئەم سیستەمە بریتییە لە سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی هاتن و چوون لە گشت دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان. لەم سیستەمەدا تەواوی بنکەکانی نشینگە و بەشی کۆنترۆڵکردنی پاسپۆرت لە گشت دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.

سیستەمە نوێیەکان (سیستەمی کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکان)
● پۆرتاڵی پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزای ئەلیکترۆنیی کوردستان.
● سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاریی دەستەبەر.
● سیستەمی بەڕێوەبردن و پێدانی ڤیزا.
● سیستەمی تۆماری نیشتمانیی ڕاگیراوان.
● سیستەمی بەڕێوەبردنی هاتن و چوون لە سنورەکان.
● لەگەڵ ١١ سیستەمی تر کە وەک پاڵپشت کار دەکەن بۆ ئەم سیستەمانەی سەرەوە.


پۆرتاڵی ڤیزای ئه‌لیكترۆنی
Visit.gov.krd
پێدانی ڤیزای ئه‌لیكترۆنی لە ڕێگەی سیستەمی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانەوە یەکێک بوو لە كاره‌ سەرەکییەکان بۆ به‌دیجیتاڵكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، کە نوسینگه‌ی سەرۆک وەزیران خستیە پێشینەی کارەکانی و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بەرپرسیارێتیی بەجێگەیاندنی لەئەستۆ گرت. لە ئێستادا، سیستەمەکان بە ڕێگا و ڕێکاری نوێ دیزاین کراونەتەوە.
له‌ پۆرتاڵی فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڤیزای ئەلیکترۆنی، بەڕێوەبردنی پرۆسەی داواکاری ڤیزا بە تەواوی لە ژینگەیەکی ئۆنڵاینی مۆدێرندا ئەنجام ده‌درێت. لەوانەش پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزا و بەڵگەنامەی پشتگیری. هەروەها پارەدان بەدیجیتاڵی کراوە و بڕیاردان لەسەر داواکارییەکەش بە هەمان شێوە بە ئۆنڵاین ڕادەگەینرێت.
ڤیزەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و بازرگانی، سیستماتیک کردنی پۆلێنی ڤیزا، کەمکردنەوەی تێچووی کارگێڕی، زیادکردنی شەفافیەت و دروستکردنی داتابەیسێک بۆ حکومەتی هەرێم. سیستەمی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنووریەکان بەگشتی چارەسەرێکی ناوەندییە، لە هەموو جیهانەوە دەستت پێڕادەگات وکارپێکراو و پراکتیکییە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و بەکارهێنەرانیش.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری