Skip to the content

سێ بەرهەمی دیكەی كشتوكاڵیی كوردستان لەمساڵدا هەناردە دەکرێن


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دنیابینییەکی پێشکەوتووانەوە و بە ئامانجی هەمەچەشنکردنی ئابووریى هەرێم، کارنامەیەکی چاکسازیی هەیە، بەتایبەت لەڕێی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ، کە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریى نیشتمانیدا دەبینێت.

لەم چوارچێوەیەدا ساغکردنەوەى بەرهەمى جووتیارانى کوردستان لەلایەن حکومەتەوە، ستراتیژ و پلانێکى ڕژدە؛ بڕیاریشە ئەمساڵ بەرهەمەکانى سێو، ترێ، هەنگوین، بنێردرێنە بازاڕەکانی وڵاتانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانێکی بۆ وڵاتی ئیمارات، دەستپێشخەریی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستانی دەستپێکرد و بۆ ئەم مەبەستەش، تیمی (دەستپێشخەریی هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵیی کوردستان – KAEI) بە سەرپەرشتیی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت دەستبەکار بوون.

جگە لە هەنار، سێ بەرهەمی دیکە بۆ هەناردەکردن دەستنیشان كراون

دوای سەرکەوتنی پڕۆژەی هەنار، تیمی (KAEI) لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، به‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌ت، پشکنینەکانی بۆ دۆزینەوەی ئەو بەرهەمانەی بۆ هەناردەکردن دەشێن، فراوانتر کردووە. لە ئەنجامدا، قۆناغی دووەمی دەستپێشخەرییەکە دەستیپێکردووە، کە جگە لە هەنار، خۆی لە هەناردەکردنی سێ بەرهەمی دیکە دەبینێتەوە. لە پلاندایە ئیمارات و بازاڕە فراوانەکانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کڕیاری ئەم بەرهەمانە بن. جێگای ئاماژەیە توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر ئەم سێ بەرهەمە و پێوەرەکانی توانای هەناردەکردن بۆ وەرزی دروێنەی ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامدراوە و لە ئەنجامی شیکاریی ئەم توێژینەوەیەدا، سێو، هەنگوین و ترێ ، وەک بەرهەمی سەرەکی بۆ هەناردەکردن لە وەرزی دروێنەی ساڵی ٢٠٢٣دا دەستنیشان کراون.

فرۆشتنی سێوی بەرواری لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان

لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان، وەک بەردەوامیدان بە سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی هەناردەکردنی هەنار بۆ وڵاتی ئیمارات، ئێستا سێوی بەناوبانگی بەرواری لە سەرانسەری كوردستان لەنێو فرۆشگاکانی کارفۆردا دەفرۆشرێت. ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گرنگە، چونکە وەک بناغەیەکە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ئەمساڵ بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پەرەپێدانی بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ فرۆشیارە نێودەوڵەتییەکان، لە هەموو هەنگاوەکاندا پشتگیریی جووتیاران دەکات، و هەر لە تاقیکردنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی بازاڕ و كاری لۆجستییەوە بۆ بازاڕسازی، ئەمەش لەپێناو فراوانکردنی لیستی ئەو بەرهەمانەی کە دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٥ـی شوباتی ٢٠٢٣