Skip to the content

لەكابینەی نۆیەمدا زۆرترین سەرمایەی بەگەڕخراوی بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی بووە

 

ئاراستەی ستراتیژی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، ڕووی لە کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاریی، بازرگانی و پیشەسازییە و هەنگاوەکانیش بۆ پەرەپێدانی ئەو کەرتانە بەردەوامن.

لەم کابینەیەدا، هەوڵەکان بۆ ڕەخساندنی زۆرترین هەلی کار بۆ هاووڵاتییان و دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لەماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا، لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە زیاتر لە ١٢ هەزار و ٤٠٠ هەلی کار ڕەخسێنراوە.

نەوزاد  کامیل، بەڕێوبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم، لەبارەی ئەرك و كارەكانی وەزارەتی بازرگانی لە كابینەی نۆیەم، بە پێگەی فەرمیی حكوومەتی ڕاگەیاند: "وەزارەتی بازرگانی یەكێكە لەو وەزارەتانەی پەیوەستە بە هەناردەكردن و هێنانی كاڵا و كەلوپەل، كە بازرگانان لێرە مۆڵەت بۆ كارەكانیان وەردەگرن و ئەو سەرمایانەی لەلایەن ئەوانەوە بۆ بازرگانیكردن بەگەڕدەخرێت، ساڵانە گۆڕانی بەسەردا دێت".
لەبارەی بەرەوپێشچوونی كار و چالاكییەكانی سەربە وەزارەتی بازرگانی، بەڕێوبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ئاماژەی بەوە دا "لەم كابینەیەدا ژمارەی مۆڵەتەكان و ڕەسیدەكانیش زیادی كردووە و هۆكارەكانیشی بۆ ئەو ئاسانكارییانە دەگەڕێتەوە، كە لە وەزارەتی بازرگانی و لەم كابینەیەدا كراون".

"لە ماوەی چوار ساڵدا، مۆڵەتی کارکردن بە ژمارەیەکی زۆری کارگەی بازرگانی و پیشەسازیی دراوە، کە سەرمایەکەیان زیاتر لە ملیارێک دۆلار بووە، تێكڕای ئەم کارگانەش زیاتر لە ١٢ هەزار و ٤٠٠ هەلی کاریان بۆ دەستی کاریی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە."

لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و رەخساندنی هەلی كار لەو بوارەدا دەڵێت :"لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، زۆرترین هەلی کار لە بواری بازرگانی و پیشەسازی ڕەخسێندراوە كە زۆرینەی لە پارێزگای سلێمانی بووە، ئەمە لەکاتێکدایە زۆرترین سەرمایەی بەگەرخڕاویش لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی هەر لەو پارێزگایەدا بووە."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٩ـی شوباتی ٢٠٢٣