Skip to the content

هەور و باران لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

بەپێی داتا و زانیارییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بارانی تاو تاو و كەشی هەوراوی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە، ٥ی شوباتی ٢٠٢٣، ئاسمانى هەرێم بەگشتى هەور و باراناوى دەبێت، باران بە شێوەى پچڕپچڕ لە كاتی جیاجیا دەبارێت. لە هەندێ ناوچەشدا ئەگەرى تەرزە بارین هەیە.

شەپۆلی بەفر بارین ناوچە سنوورییەکان و شاخاوییەکان دەگرێتەوە و ئاستى باران و بەفر لە سنوورى پارێزگاى دهۆک زیاتر دەبێت. لە کاتەکانى ئێوارە و شەودا ئاستى دابارین لە ناوەندی پارێزگاکان کەم دەبێتەوە.

سبەی دووشەممە، ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، هەور و باران زۆربەی كوردستان دەگرێتەوە. بەفر بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکان دادەپۆشێت. لە ئێوارەدا ئاستى دابارین، بە تایبەتی لە شەودا زیاتر دەبێت.

لە بەشێکی سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک، لەگەڵ دروستبوونى هەورەتریشقە، خێرایى با لە کاتەکانى ئێوارەدا لە سنوورى  پارێزگاى هەولێر و کەرکووک زیاد دەكات .

لەبارەی پلەكانی گەرماوەش، پلەی گەرمی بە گشتی ٢-٣ پلە، بەراورد بە ڕۆژی یەكشەممە بەرزدەبێتەوە.

لەبارەی ڕێژەی باران بارین لە ٤٨ كاتژمێری ڕابردوودا، لە پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی پارێزگاكان زۆرترین بڕی باران بە ڕێژەی ١٤.٦ ملیم باریوە.

بەرزترین ڕێژەی باران بارین لە پارێزگای هەولێر، لە مێرگەسۆر بە بڕی ٣٠ ملیم بووە.

لە پارێزگای سلێمانی، بەرزترین ڕێژە لە ناحیەی سەركەپكان بە ڕێژەی ٥.٧ ملیم لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین باریوە.

لە پارێزگای كەركوك، بەرزترین ئاستی دابارین لە ناحیەی شوان بە پلەی ٢.٢ ملیم بووە.

لە پارێزگای دهۆك، بەرزترین ئاستی دابارین بە ڕێژەی ١٩.3 ملیم لە زاخۆ بووە.

لە پارێزگای هەڵەبجەش، بەرزترین ڕێژەی بارین بە ٢ ملیم لە تەوێڵە بووە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٥ی شوباتی ٢٠٢٣