Skip to the content

پێداچوونەوە بە پلەبەرزکردنەوە و خزمەتی فەرمانبەران دەکرێت

 

لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٢ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەژمارکردنى خزمەتیان لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی پێک هێنرا.

لیژنەکە لە یەکەم هەنگاوی، تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسى میلاکات ڕاسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەى فەرمانبەران.

لە کۆی ٣٢ دامەزراوەى هەر سێ دەسەڵاتی «دادوەرى و یاسادانان و جێبەجێکردن»، پێداچوونەوە بە ٣٦٥ هەزار و ٤٥٢ دۆسیە کرا کە ٧ هەزار و ١٩٦ دۆسیە پلەى زیادەیان بۆ بەسترا بوو و ١٥ هەزار و ٦١٤ دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، کە کۆى جیاوازى مووچەکەیان دەکاتە ملیارێک و ٣٦٠ ملیۆن و ٨٠٨ هەزار دینار.

هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لەکۆى ٦٠ هەزار و ١٦ دۆسیە، ٤١ هەزار و ٩٨٢ دۆسیە، بۆ پێداچوونەوە ئامادە کراون و بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەکانیان لە ڕووی پلەبەرزکردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بکرێن.

کابینەى نۆیەم، لە یەک کاتدا کاری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و پرسى چاکسازى کردووە، تا ئێستا دەیان هەنگاوى کردەیی و جددی لەم بوارە ناوە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ڕێکخستنەوەى دۆسیەى فەرمانبەران و گەڕاندنەوەى سامانێکى زۆرى دارایی بۆ نێو خەزێنەى حکومەت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٤ی شوباتی ٢٠٢٣