Skip to the content

ڕاگەیێندراوێک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئەمڕۆ ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣، ڕۆژنامەی "الصباح"ی عێراقی ، نووسینکی بڵاوکردووەتەوە کە گوایا لە ڕاپرسییەکدا "خەڵک بێ هیوا بوون لە دەسەڵاتى سیاسیی هەرێم و خوازیارى گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا".
ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەکە پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (الصباح ) و ئەوانەی لە پشتییەوەن ، باوەڕیان بە ڕاپرسییە، لە 25 ی سێپتەمبەری 2017 ، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان ، لە گەورەترین ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێکی ئازاددا، قسەی خۆیان کرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام دەسەڵاتتدارانی ئەوکاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەکارهێنانی سوپا لە دژی خەڵکی کوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵکیان دایەوە.

خەڵکی پارێزگاکانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن ، کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لە پێش ناوچەکانی دیکەی عێراقەوەیە ، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێک کە لە هەموو بوارەکاندا وێران و کاول بووە!

هەرێمی کوردستان ، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە !

 

فەرمانگەى میدیا و زانیارى
١٨ى شووباتی ٢٠٢٣