Skip to the content

کارەبا لە گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتییەکانی گەرمیان بەرهەمدەهێنرێت

 

هەنگاوێکی گرنگیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا لەو گازەی کە لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بەفیڕۆ دەچێت و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکانەوە کارەبا بەرهەمدەهێندرێت.

وێستگەی کارەبای ١٦٥ مێگاواتی گەرمیان، کە لە گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتییەکانی حەسیرە کارەبا بەرهەمدەهێنێت، ساڵی ٢٠٢١ کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و دەستی بە بەرهەمهێنانی کردووە، ئێستاش ١١٨ هەلی کاری ناوخۆیی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە ڕەخساندووە.

ڕووبەری وێستگەی کارەبای ١٦٥ مێگاواتی گەرمیان ٣٥ دۆنم زەوییە و پێکهاتووە لە ١٨٠ موەلیدە و ٤٥ گۆڕەڕ، توانای بەرهەمی کارەبای هەر موەلیدەیەکیش ٠.٩ مێگاواتە، ئەمە جگە لەوەی کە بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو وێستگەیە، زیاتر لە ١٠٠ مێگاواتە و هەوڵەکانیش بۆ زیادکردنی ئەو ڕێژەیە بەردەوامن.

کابینەی نۆیەم، کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و پاراستنی ژینگە لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان. ئەم وێستگەیە جگە لە سوودە ئابوورییەکەی، سوودێکی زۆریشی بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ـی شوباتی ٢٠٢٣