ئاسایشی خۆراك پرسی سەرەكیی هەرێمی كوردستان بوو لە کۆڕبەندى ئابووریی داڤۆس
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە ١٦ بۆ ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە ژێر ناوونیشانی "هەماهەنگی لە جیهانێكی پەرتەوازەدا" بە بەشداریی زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٠٠ سەرکردە و دیپلۆمات و سەرمایەدار و چالاك بەڕێوە چوو، لەو كۆڕبەندەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، بەشدارییان لە کۆڕبەندەکەدا کرد.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەبارەی گرنگیی كۆڕبەندەكەوە بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: "بەشداربوونی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەو كۆڕبەندەدا جێی بایەخی هەموو لایەك بوو، بە تایبەتیش لەو دۆخەدا كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق دەگوزەرێت، هەرێمی كوردستان توانیویەتی ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبێت. لە سەردەمی شەڕی داعشدا بە هەموو شێوەیەك ڕۆڵی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنرا، بەڵام ئێستا بواری ئاسایشی خۆراك و وزە لەو بابەتە گرنگانەن، كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكرێن."
بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت کە خۆى لەگەڵ شاندەکەى سەرۆکى حکومەت بوو بۆ داڤۆس گوتی: "لە ساڵی ڕابردوودا باس لە بابەتەکانى ئاسایشى خۆراک و وزە کەمتر دەكرا، بەڵام خۆشبەختانە ئەم جارە باسی فراوانتركردنی ئەو لێكتێگەیشتنانە کرا، بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێك لە بەرهەمە خۆراكییەكانی هەرێمی كوردستان و بەروبوومی جوتیاران هەناردەی چەندین وڵات كران. ئێستاش لەگەڵ ئەو وڵاتانە و وڵاتانی دیكەیش گفتوگۆ کراوە بە مەبەستی ئەوەی چۆن بتوانین زیاتر پەرە بە بواری بەرهەمهێنانی خۆراك و كشتوكاڵ بدەین. هەروەها لەسەر چەندین بواری دیكە گفتوگۆ كراوە و لێكتێگەیشتن هەیە؛ لە داهاتووی نزیكدا بە ئومێدی ئەوەین شاندی جیاجیا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی بە تێروتەسەلی لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆ بكرێت."
پرسى سەرەکى ئەم جارەى داڤۆس دابینکردنى ئاسایشى خۆراک بوو، بەتایبەت خۆراکى ئۆرگانیک کە لە کوردستان ئێستا وەک باشترین بەرهەم هەژمار دەکرێت، لەم بارەوە دزەیی گوتى: "هه‌رێمی كوردستان بە هۆی به پیتیی خاكه‌كەى، ده‌كرێت ده‌رفه‌ت وه‌ربگرێت و په‌ره بە بواری کشتوکاڵ بدات، بۆیه ئه‌و وڵاتانه‌ش كه زه‌وییه‌كه‌یان گونجاو نه‌بێت یان سه‌رچاوه‌ی ئاویان نه‌بێت، ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش شتێكه هەم وڵاتان و هەم جوتیارانی خۆمان لێی سوودمه‌ند ده‌بن، بازاڕیان ده‌بێت و به‌روبوومی خۆیان ساغ ده‌كه‌نه‌وه. لە ڕووی ئۆرگانیكیشه‌وه، پێویسته سوود له ئه‌زموونی وڵاتان وه‌ربگرین و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵیان به‌رهه‌مه‌كانمان ئۆرگانیك بكه‌ین."
بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەشڵێت: "هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ئایندەدا له‌و كۆڕبه‌ندانه و لەگەڵ رێكخه‌رانی كۆڕبه‌ندی داڤۆس، كه‌رتی تایبه‌تیش به‌شداری پێبكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش سوود له‌و ده‌رفه‌تانه ببینن و له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانیان رێككه‌وتن بكەن، تا له داهاتوودا له ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش كار بكه‌ن".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣