Skip to the content

بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکان گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئازاد ڕۆستەم، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەکانى داد لە وەزارەتى دادى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە پێگەى فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:"ئێمە ئێستا لە هەنگاوەکانى کۆتایی پڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگەکانى دادنووسین لە هەرێمى کوردستان، سیستەمێک کە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى داد بڕیاریان لەسەر داوە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگەکانى داد و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى و چاودێرى دەکرێت. بە پێى ئەزموونمان لە دواى دەستپێکردنى گۆڕانکارییەکان دەرکەوتووە کە هەنگاوێکى گرنگ و پێویستمان ناوە و ڕۆتین و کاتى بەفیڕۆچوون کەم بووەتەوە و هاووڵاتیان دڵنیایی زیاتریان بۆ دروست بووە لە پاراستنى مامەڵەکانیان، ئەمە سەرەڕاى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى زیاتر بە شێوەیەکى سەردەمیانە و دیجیتاڵى".

فەرمانگە دادنووسییەکان لە سەراسەرى هەرێمى کوردستان، ٦٤ فەرمانگە، بەڵام بە بەیانى فەرمى وەزارەتى داد، فەرمانگە دادنووسییەکانى "هەولێر ٣، هەولێر ئێواران ـ دوو، سلێمانى ٣، قەرەداغ، شێخان، قووشتەپە و باتیف" زیاد بوون و بەمەش ژمارەیان گەیشتووەتە ٧١ فەرمانگە و دوو فەرمانگەش کە دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمى کوردستان (فەرمانگەى دادنووسى مەخموور و فەرمانگەى دادنووسى خانەقین)، ئەوانیش کاریان لەسەر دەکرێت کە سیستەمەکەیان بکرێتە ئەلیکترۆنی.

بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەکانى داد، باسى لەوەش کرد کە ئەوان چاوەڕوانى ئەو چەند فەرمانگەیەش دەکەن کە هێشتا بەئەلیکترۆنى نەکراون، بۆ ئەوەى لە کۆنفڕانسێکى فراوان، کۆتایی سەرکەوتووانەى پڕۆسەى گۆڕینى سیستەمەکە و بەئەلیکترۆنیکردنی بخەنەڕوو و دەست بە هەنگاوەکانى دیکە بکەن کە ئەوانیش پێکەوە بەستنەوەى فەرمانگەکانە، تا هاووڵاتى بتوانێت لە شوێنى جوگرافى خۆیەوە و یا لە هەر شوێنێکى دیکە کە بیهەوێت مامەڵەکەى ڕایی بکات.

عەبدولستار فەیسەڵ، بەڕێوەبەرى گشتیی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکان لە هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد کە ئەوان تا ئێستا ٦١ فەرمانگەیان بە چاودێرى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگە دادییەکان کردووەتە ئەلیکترۆنى و زووتر تەواو دەبوون، بەڵام وەزارەتى داد بەیانى بۆ ٧ فەرمانگەى دیکە دەرکردووە و "ئێمە بەردەوامین لە کارکردن و لە ئایندەیەکى نزیکدا هەمووىان تەواو دەکەین. لەگەڵ بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگەکانیش لە ماوەى ڕابردوودا توانیومانە سەرجەم ئەو ئەو فەرمانگانەى ناگونجێن لەگەڵ ئەم سیستەمە، باڵەخانەى نوێ و گونجاویان بۆ فەراهەم بکەین، کە جگە لە بەخشینى ڕواڵەتێکى جوان بە فەرمانگەکان، خەرجى گەورەش لە سەر فەرمانگەکان لابراوە و ئەو ڕاسپاردەیەى جەنابی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیشمان سەداد سەد جێبەجێ کردووە کە بڕیارى داوە کە ٧٥%ى هێزى کارى پرۆژە و کۆمپانیاکان خۆماڵى بن، ئێمە لە ڕێگەى گۆڕینى ئەم سیستەمەوە توانیمان هەلى کار بۆ زیاتر ٩٦٠ کەس دابین بکەین کە هەموویان کوردستانین و دەرچووى زانکۆکانى هەرێمن و بۆ یەکەمجاریشە لە مێژووى عێراق و هەرێمى کوردستان کچ و ژنمان هێناوەتە نێو بەشى تۆمارکردن و نووسینى مامەڵەى هاووڵاتیانەوە و کە ڕێژەکەیان لەسەرووى ٢١%ـەوەیە".

لە پارێزگای هەولێر سەرجەم فەرمانگەکان بەئەلیکترۆنی کراون تەنیا فەرمانگەی دادنووسی سێیەمی هەولێر و دووەمی ئێواران نەبێت کە وەزارەتی داد لەم ماوەیەی ڕابردوو بەیانی کردنەوەیانی دەرکردووە.

دیلان جەمال عەزیز ، بەرپرسى پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکان لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان و ڕاپەرین باسى لەوە کرد کە لە سنوورەکەى ئەوان ٣٤ فەرمانگەى دادنووس هەیە کە ٢٩ـیان بەئەلیکترۆنى کراون و پێنجیان ماون کە ئەوانیش لە پێش سەرى ساڵى نوێوە کاریان بۆ کراوە و بڕیارە بەم زووانە هەمووى سیستەمەکەیان بەئەلیکترۆنی بکرێت و بکەونەوە نێو بازنەى فەرمانگە بەئەلیکترۆنیکراوەکانەوە.

ڕاستی شێرزاد کەمال، بەرپرسى پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکان لە پارێزگاى دهۆکیش گوتی: "سیستەمی سەرجەم فەرمانگەکانمان لە پارێزگای دهۆک بەئەلیکترۆنی کردووە و تەنیا فەرمانگەی دادنووسی باتیف و شێخان ماونەتەوە کە ئەوانیش تازە وەزارەتی داد فەرمانی بەیانی کردنەوەی بۆ دەرکردوون کە ئەوانیشمان دەست پێ کردووە و ئامادەکاریمان بۆیان کردووە و لە ئایندەیەکی نزیک دەیانکەینەوە".

بە پێى خشتەى بڵاوکراوەى ئامارى ئەو فەرمانگە دادنووسیانە کە لە لایەن وەزارەتى دادەوە بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەى هەردوو ساڵى ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، زیاتر لە ملیۆنێک و نیو مامەڵەى هاووڵاتیانیان تێدا جێبەجێ و ڕایی کراوە (ساڵى ٢٠٢٠ى زایینى: ٦٨١,٩٢٠ مامەڵە و ساڵى ٢٠٢١ى زایینى: ٩٨٧,٠٦١ مامەڵە) و بەمەش دەردەکەوێت کە گۆڕینی سیستەمى فەرمانگە دادنووسییەکان وەک گەورەترین گۆڕانکارى ئەلیکترۆنى هەژمار دەکرێت لە هەرێمى کوردستان و بەمەش خزمەتگوزارییەکى گەورە پێشکەش بە هاووڵاتیانى کوردستان کراوە.

 

فەر مانگەی میدیا و زانیاری

٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣