Skip to the content

قەبارەی هەناردەی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٢بڕی ٦٧٢ملیۆن دۆلار بووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە ساڵی ٢٠٢٢، قەبارەی هەناردەكردنی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١، بەرزبووەتەوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ڕایگەیاند:"قەبارەی هەناردەكردن لە ساڵی٢٠٢٢، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١، بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٦٧٢ملیۆن و ٧٦٧هەزار دۆلار و قەبارەی هاوردەش ١٥ملیار و ٤٠٣ ملیۆن دۆلار بووە".
ئەوەشی ڕاگەیاند:"لە ساڵی ٢٠٢٢، لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ٥٢٠٤ مۆڵەتی هاوردنی شتومەك و ١٦٨ مۆڵەتی هەناردەی بۆ كاڵای جۆراوجۆری كشتوكاڵی و پیشەسازی داوە. یەكێك لەو كاڵایانەی هاوردە كراوە و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، هێنانی ئۆتۆمبێلە، لە ساڵی ڕابردوودا ١٠٥هەزار و ١٢٦ئۆتۆمبێل هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان كراون."
ئەو كاڵا سەرەكییانەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢هەناردەی كردوون بریتین لە: كانزا، هەنار، دۆشاوی تەماتە، تەحین، سماق، دۆشاوی جۆراوجۆر، جووجەڵە، یەدەگی ئۆتۆمبێلی تێكشكاو.
جگە لە پرسی ئاڵوگۆڕی بارزگانی، چاودێریكردنی بازرگانیی ناوخۆ یەكێك بووە لە كارەكانی بەڕیوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی.
ماردین ئەبوبەكر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند:"لە میانی چاودێرییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك و تەندرووستیی هاووڵاتیان، ٤٤٨هەزار كیلۆ كاڵای ماوەبەسەرچوو لەناوبراون. هەروەها ١٨٠٩ سەرپێچیی بازرگانی هەبوونە، ئەوەش ٢٨١ داخستن و سزای دارایی ٣٢٩ ملیۆن و ٣٢٢ هەزار دیناری لێ كەوتووەتەوە."
یەكێك لە ستراتیژە ئابوورییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردنەوەی ڕێژەی هەناردە و بەرزركردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگیپێدانی بە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بازرگانی بەردەوام دەبێت.