نەوتی سپی لیتری بە ٥٠٠ دینار دەدرێتە هاووڵاتییان
لە دوای سەردانەکەی رۆژی ١١ی ئەم مانگەی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەغدا، یەکەم کاروانی نەوتی سپی لە حکومەتی فیدراڵییەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت.
رۆژی چوارشەممە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێک سەردانی بەغدای کرد و لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا چەندین بابەتی تایبەت بەكێشە هەڵپەسێردراوەكان نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لێوە کرا، کە تەوەرێكی ئەو گفتوگۆیانەش تایبەت بوو بە دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و توانرا ٥٠ ملیۆن لیتر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت بە نرخی هەر لیترێک بە ٥٠٠ دینار و ئەمڕۆش یەكەم كاروانی ئەو نەوتە کە بڕەکەی ١٤٤ هەزار لیتر بوو گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا بەهەمان نرخی دابینكراو دابەشی بکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣