هەرێمى کوردستان... زۆرترین ئازادى و کەمترین سانسۆڕ لە چاپى کتێب
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر باوەڕبوون بە بنەماکانى ئازادی و دیموکراسى، سانسۆڕى لەسەر نووسین و چاپ و بڵاوکردنەوە دانەناوە، بەو مەرجەى ئەو کتێبانە نەبنە هۆى شێواندنى ئاسایشى کۆمەڵگە لە ڕووى کۆمەڵایەتى و ئاسایشەوە.
چاپى کتێب لە هەرێمى کوردستاندا کە وەک بازاڕێکى فەرهەنگى تەماشا دەکرێت، تا دێت برەوێکى زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و ئەمەش واى کردووە کە کتێبخانەى کوردى سەرەڕاى بوونى هەندێک کتێبی کرچ و کاڵ، بەڵام رۆژ بەڕۆژ دەوڵەمەندتر و پڕتر دەبێت لە کتێب.
هەر کەس و ناوەند و دەزگایەک بیەوێت کتێب چاپ بکات، پێویستە سەرەتا ژمارەى سپاردن وەربگرێت کە ئەمەش لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی هەرێمەوە دەبێت کە لە هەشت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران) پێکهاتووە کە زاخۆ تازە کرایەوە و سۆرانیش بۆ ئاسانکارى زیاترى نووسەران و چاپەران وا لە كردنەوەدایە.
دیاری عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی هەرێم لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''ئەو نووسەر و دەزگا و ناوەندانەى لەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە ژمارەی سپاردن وەردەگرن، هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست ناکرێ و ڕێکارێکى ئاسان گیراوەتە بەر کە تەنیا چەند زانیارییەک وەك ناوی نووسەر و وەرگێڕ و چاپخانەکە وەردەگیردرێت و پێویستە ئەوەش روون بێت کە ئایا ئەو کتێبە لە ناوەوە یا دەرەوەی هەرێم چاپ دەکرێت و نووسخەیەکى کتێبەکەش بە شێوەى(PDF)، یا نووسینی لێى وەردەگیردرێت و دواتر ژمارەى سپاردنەکەى پێ دەبەخشرێت کە دەبێت لەسەر کتێبەکە چاپ بکرێت.
دیاری عەزیز لەبارەى نەبوونی سانسۆڕ لەسەر کتێب لە هەرێمى کوردستان باسى گوتیشی:"سانسۆڕێكی وا نییە کە ڕێگر بێت لە پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ كتێب، بەڵام ئەگەر كتێبەكە بە جۆرێک لەگەڵ ئایین و نیشتمان و کۆمەڵگە و ڕاستییە مێژووییەکان یەکنەگرێتەوە، تەنیا وەزارەت ئاگادار دەكەینەوە و ئەوانیش لە ڕێگەى لیژنەیەکەوە هەڵسەنگاندن و کارئاسانى بۆ دەکەن، بەمەش و بە لەبەرچاوگرتنى ڕێنماییەكان لە دوو ساڵی ڕابردوودا، هیچ كتێبێك ڕەتنەكراوەتەوە و هەمووى ژمارەی سپاردنی پێ دراوە".
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥ هەزار کتێب بە هەموو زمانەكان ژمارەی سپاردن وەردەگرن، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێم دەڵێت:"بۆ کارئاسانیى زیاتر بە کەمە نەتەوایەتییەکانى دیکەی وەک كلد و ئاشووری و ئەرمەنییەكان و خزمەتکردنى زمانەکەیان، ژمارەی سپاردنمان داوەتە دەست خۆیان، کە ئەمەش وەک دەستكەوتێك بوو بۆ هەموومان کە وەزارەت ڕەزامەندی لەسەر دا".
لە وڵاتانی دونیا ژمارەى سپاردن ئەگەر زۆریش نەبێت، بەڵام بە پارە دەبەخشرێتە نووسەر و دەزگا و ناوەندەکانى چاپ، بەڵام لە هەرێمى کوردستان تا ئێستا بێ بەرامبەر بووە، ئێستا گفتوگۆیەك هەیە لەسەر ئەوەى کە "ئەگەر نووسەرێك یان وەرگێڕێك و یا دەزگایەک داوای ژمارەی سپاردن بكات، پێویستە ڕەهەندێکى یاسایی زیاتری بدرێتێ و بە مۆر بێت و لەبەرانبەردا ژمارەى سپاردنەکە پولێكی ٥ هەزاری بدرێت بۆ ئەوەى بارگرانى نەکەوێتە سەر نووسەر و وەرگێڕ و دەزگاکان".
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە فەرهەنگییە، بەدەر لە پێدانى ژمارەى سپاردن، چەندین کاری دیکەیش دەکات. لەم بارەوە دیاری عەزیز گوتى:"ئەمساڵ لەگەڵ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و چەند خانمێكی چالاك، دەستمان بە کۆكردنەوەی هەشت هەزار كتێب کردووە، بۆ چاكسازییەكان تا بێبەش نەبن لە خوێندنەوە. هەروەها لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەمانەوێت كتێبخانەی ناوەندەكانی خوێندن (بەتایبەت قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی) چالاک بکەین، تا قوتابی ئاشنا بكەین بە كتێب و خوێندنەوە. ئێمە سەرجەم كتێبەكانمان پۆلێن كردووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕایدەگەیەنین، بۆنموونە خوێنەرێك لە زاخۆ ئەگەر كتێبێكی بوێ و لە كتێبخانەی زاخۆ نەبێت، بە كلیكێك دەزانێت لە چ كتێبخانەیەک هەیە، بۆیە ئێمە لە قۆناغی سەرەتای بەدیجیتاڵكردنی كتێبەكانین".
بۆتان سلێمان یابە، خاوەنی كتێبخانەیەکە لە شارى هەولێر و نزیكەی ٢٢ ساڵە ئەم كارە دەکات، لەبارەى زیادبوونى خوێنەرى کتێب و چاپی کتێبەوە باسى لەوە کرد، کە بە هۆى قەیرانە داراییەکانەوە بەراورد بە ساڵەكانی پێشوو ڕێژەی فرۆشتنی کتێب كەمی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جۆراوجۆرى و کوالیتیی کتێبەکان باشتر بووە و کتێبیش وەک کەرەستەى خۆراك پێویستە بۆ مرۆڤ، بۆیە ڕەنگە بەرز و نزمى لە فرۆشتنى تێکەوێت، بەڵام هەرگیز لە برەو ناکەوێت.
لە هەرێمى کوردستان ٩٢ کتێبخانەى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی هەن کە ٨٥٨ هەزار و٩٥١ کتێبیان لەخۆ گرتووە: (هەولێر: ٣٠ کتێبخانە بە ٢٧٦ هەزار و ٨٦٦ کتێبەوە، سلێمانی: ٢٦ کتێبخانە بە ٣٥٠ هەزار و ٩٨٤ کتێبەوە، دهۆك: ٨ کتێبخانە بە ٧٤ هەزار و ٢٣٠ کتێبەوە، هەڵەبجە: ٦ کتێبخانە بە ٣٢ هەزار و ٦٨٩ کتێبەوە، ڕاپەرین: ١٢ کتێبخانە بە ٣٩ هەزار و ٦٨٩ کتێبەوە، گەرمیان: ١٠ کتێبخانە بە ٨٤ هەزار و ٤٩٣ کتێبەوە) و لە سێ ساڵى كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامارەکان بەم شێوەیە بوون:
یەکەم: ژمارەی سەردانیکەران، ١٥٥ هەزار و ٦٩٧ سەردانیكار بووە (هەولێر: ٣٢ هەزار و ٦٥٨ کەس، سلێمانی: ٩٣ هەزار و ٩٩٢ کەس، دهۆك: ١٣ هەزار و ٢٥ کەس، هەڵەبجە: ٦ هەزار و ٥٤٠ کەس، گەرمیان: ١ هەزار و ٧٨٤ کەس، راپەرین: ٧ هەزار و ٦٩٨ کەس).
دووەم: ژمارەی سپاردن ٩ هەزار و ٣٣١ ژمارە بووە کە بە پێى پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە: (هەولێر: ٣ هەزار و ٩٨٤ ژمارە، سلێمانی: ٣ هەزار و ٣٦٠ ژمارە، دهۆک: ١ هەزار و٩٨٧ ژمارە).
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣