چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بە گوژمەی ٦ ملیار دینار لە عەنكاوە جێبەجێدەکرێن
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی شەش ملیار دینار، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی قیرتاوكردنی شەقام و دروستكردنی شۆستە و ئاوەڕۆ و فراوانكردنی تۆڕی كارەبا لە قەزای عەنكاوە لە پارێزگەی هەولێر دانران.
ڕۆژی دووشەممە، 16ی كانوونی دووەمی 2023، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دكتۆر ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ڕامی نوری قائیمقامی عەنكاوە و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی ئیداریی لە قەزاكە، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە عەنكاوە بەڕێوەچوو.
ئەو پڕۆژانە لە چوارچێوەی كار و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان لە سنووری شار و شارۆچكەكان لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت ئەنجام دەدرێن. پڕۆژەکانیش لە قیرتاوکردنی شەقام و دروستکردنی شۆستە و گەیاندنی ئاو و دروستکردنی ئاوەڕۆ لە کەرتی ١٢٨ی عەنکاوە پێكهاتوون كە ئەم چەند پڕۆژەیەیان لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێن. هاوكات پڕۆژەیەكی دیكەش بە مەبەستی فراوانکردنی تۆڕی کارەبای کەرتی 128ی عەنکاوە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت.