بارینی بەفر و باران و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرمی بەردەوام دەبێت
لەم هەفتەیەدا شەپۆلێكی بەفر و باران و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینییش دەكرێت، لە ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا بەردەوامی هەبێت.
لە ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، ئاسمانی هەرێمی كوردستان هەور و باراناوی دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکاندا چڕ دەبێتەوە و ڕێژەی دابارین زیاد دەبێ؛ بەتایبەت لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم (قەڵادزێ و کۆیە و تەقتەق و شوان) .
پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان نزم دەبنەوە و لە ناوچە نیمچە شاخاوییەکان و ناوچە نیمچە بەرزەکانیش بە ڕێژەیەكی كەمتر نزم دەبنەوە.
خێرایى با بە ئاستی مامناوەندی لە ١٠-٢٠ کم لە كاتژمێرێكدا دەبێت و لە ناوچەکانی باشووری هەرێم کەمێک خێراتر دەبێت، هەروەها مەوداى بینین لەنێوان ٦-٨ کم دەبێت .
ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، تەواوی ڕۆژەكە ئاسمان هەور و باراناوی دەبێت و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەردەوام دەبێت. لە کاتەکانی دوایی نیوەڕۆوە دابارین لە هەندێ ناوچەی باشووری هەرێم لە نمەبارانەوە بۆ شەستەباران و بروسکە دەگۆڕێت و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری شاری سلێمانی ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت .
پلەکانی گەرما نزمبوونەوەیەکی کەم بە ١-٢ پلە جیاواز لە ڕۆژی پێشوو دەبێت.
خێرایى با لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم ١٠-٢٠ کم دەبێت.
مەوداى بینین لەنێوان ٦-٨ کم دەبێت و لەو شوێنانەی دابارین هەیە، بۆ ٥-٧ کم كەم دەبێتەوە .
پێشبینیی بەرزترین پلەکانی گەرما لە ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا:
هەولێر : ١٠ پلەى سیلیزى
سلێمانی : ٦ پلەى سیلیزى
دهۆک : ١٠ پلەى سیلیزى
کەرکوک : ١٤ پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : ٩ پلەى سیلیزى
زاخۆ : ١٠ پلەى سیلیزى
سۆران : ٢ پلەى سیلیزى
گەرمیان : ١٦ پلەى سیلیزى