بەرهەمی گەنمەشامی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- جوتیارانى هەرێمى کوردستان کە زیاتر کاریان لەسەر چاندنى گەنم و جۆ و سەوزە و میوە دەکرد، ئێستا دەیان بەرهەمى دیکەى جیاواز لە ڕابردوو لە سەر زەوییەکانی کوردستان دەچێنن، یەکێک لەوانەش گەنمەشامییە کە ماوەیەكی زۆر نییە بووەتە بەرهەمێکى دیار و بەهادار.
ساڵانه هەرێمى کوردستان پێویستی به ملیۆنێک تۆن گه‌نمه‌شامی هه‌یه و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمى کوردستانیش، گرنگى بەم بەرهەمە داوە و لە پلانیدایە هاوکاریى زیاترى جوتیاران بکات، بە مەبەستی زیادبوونى بەرهەمى گەنمەشامی لە نێوخۆدا و هەناردەکردنیشى.
ئارام ته‌حسین، کە جوتیارە له گوندی گرده‌سۆر و گەنمەشامی دەچێنێت، باسى لەوە کرد بە هۆى زۆربوونى بەرهەمى گەنمەشامی و ساغکردنەوەى لە کوردستان، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا نرخه‌كه‌ی له ١٥٠ هه‌زاره‌وه گه‌یشتووه‌ته زیاتر له ٤٠٠ هه‌زار دینار، ئەو دەڵێت:" هەرچەندە پارساڵ به ٥٥٠ هه‌زار دینار لێیان وه‌رده‌گرتین، بەڵام ئێستا به‌رزی و نزمی له نرخه‌كان هه‌یه، بۆیە گرنگە حکومەت چاو‌دێر بێت و لەگەڵ كارگه‌كان ڕێكبكەوێت، بۆ ئەوەى نرخێكی دیاریکراو هەبێت و پڕۆسەکە بە پلان بەڕێوەبچێت، تا نه كارگه و نه جوتیار زه‌ره‌ر نه‌كه‌ن".
دوای ساڵى ٢٠١٣، چاندنی گه‌نمه‌شامی لە هەرێمى کوردستان زیادی كردووه و دەیان كارگه دروست بوون بۆ ئەوەى ئەو گەنمەشامییە بەدەر لە بەرهەمى خواردنى ڕۆژانەى خەڵک، بە چەندین شێوەى وەک ئالیکیش بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسى بەرهەم بهێنن.
وشیار ڕە‌قۆ خورشید، کە خاوەنى کۆمپانیایەکى گەنمەشامی و ئالیکە، باسى لەوە کرد کە ئەوان وه‌ك كۆمپانیا ساڵانه له مانگی ٩ بۆ مانگی ٣، گە‌نمه‌شامی وه‌رده‌گرن و ساڵ لە دواى ساڵیش ڕێژەى وەرگرتنەکەیان زیاتر کردووە.
لەسەر چۆنیەتیى وەرگرتنى گەنمەشامى، وشیار ڕە‌قۆ گوتى: "ئێمە ڕۆژانه به شێوازێكی باش پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنه‌كه جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و پشكنینی بۆ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ڕێژەی شێكه‌ی ١٢ بوو ئه‌وا نرخه‌كه‌ی ٤٢٥ هه‌زار دینارە و چه‌كی پارە بۆ جوتیارەکان ده‌كەین، بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ینه ئالیكی ئاژەڵ و په‌له‌وه‌ر و ماسی".
بەپێى قسەى ئەم خاوەن کۆمپانیایە، ساڵی پار نزیکەى ٤٠ هه‌زار تۆن گەنمەشامی وه‌رگیراوه، بڕیارە ئەمساڵ بۆ ٦٠ هه‌زار تۆن زیادی بكەن.
یەکێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان برەودان بووە بە بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی بازاڕ بۆ بەرهەمەکان لە دەرەوەی وڵات. لە ئێستاشدا بە هۆی کارئاسانییەکانی حکومەت، بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و جوتیاران دەتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانى کوردستان و خوارووى عێراق ساغ بکەنەوە.
بۆ بینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
بەهۆی پێویستی ناوخۆ بە بەرهەمی ئالیک، جوتیاران ڕوویان لە چاندنی گەنمەشامی کردووە - YouTube
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣