Skip to the content

د. محەمەد شوکری: ساڵی ڕابردوو ۸۹ مۆڵەتی وەبەرهێنانمان داوەتەوە وەبەرهێنەران

 هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پاڵ سێکتەرەکانی دیکەدا، گرنگییەکی تەواو بە سێکتەری وەبەرهێنان دەدات. د. محەمەد شوکری سەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوت: دەستەکە ئاسانکارییەکی تەواو بۆ وەبەرهێنەران دەکات و ساڵی ڕابردووش ٨٩ مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوەتە وەبەرهێنەران و پلانیان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو ٣٠% بۆ ٥٠% ژمارەی وەبەرهێنان زیاد بکەن. لەم دیمانەیەدا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وەڵامی چەند پرسیارێكی داوەتەوە.

 

وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٢٢، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەكەی چۆن بوو؟

ساڵی ۲٠۲۲، ساڵێکی باش بوو لە ڕووی وەبەرهێنانەوە و لەو ساڵەدا ۸۹ مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە؛ بەراورد بە ساڵی ۲٠۲۱ ژمارەی مۆڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان ۱٥٪ زیادیان کردووە و ئەوەش هەنگاوێکی باشە و مانای زیادبوونی کاری ئەو پڕۆژانەیە کە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات و زەمینەسازیی ئێمەشە لەڕووی ئاسانکاریی وەبەرهێنەران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. لە هەمان کاتدا ٤۲۹ پڕۆژە لەهەموو هەرێمی کوردستان پەسەند کراون و لەساڵی ۲٠۲۳ مۆڵەتیان پێدەدرێت و بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە پڕۆژە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٣، ئەگەری زیادبوونی ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنانیان تێدا دەكرێت لە سەدا چەندە؟

لە ساڵی ۲٠۲۳ تێکڕای پلانەکانی وەبەرهێنانمان گۆڕیوە، واتە پلانی وەبەرهێنانمان بەشبەش کردووە. یەکەمجار لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار نەخشەی وەبەرهێنانی تەواوی پڕۆژەکانی گەشتوگوزار دەخەینە دووتوێی نەخشەی وەبەرهێنانی گەشتیاری، ئەوەش بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار دەكرێت. ئەمانە پڕۆژەی تەواون و بێ کێشەن، تەنیا وەبەرهێنەر لە ماوەیەکی زۆر کەمدا مۆڵەتی پێدەدرێت و لە ڕۆتینی فەرمانگەکانی حکومەت دەردەچێت.

لە سەروبەندی دروستکردنی نەخشەیەکی وەبەرهێنانی بچووکكراویشین لە بواری کشتوکاڵ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و لە بواری پیشەسازی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی، بێگومان هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی ناوچە پیشەسازییەکان لە ۲٠۲۳ دەچەسپێن و دەستپێدەکرێن، کە ئێستا نزیکەی ۸ ناوچەی پیشەسازی ئامادەیە بۆ ئیشکردن، تا بتوانین لە ۲٠۲۳ کاریان لەسەر بکرێت. ئەمانەش هەموو وادەکات قەبارەی وەبەرهێنان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زیاتر بێت.

بەرنامەمان هەیە سنووری ۳٠% تا ٥٠٪  ئاستی وەبەرهێنان زیاد بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش  فەرمانگە و شوێنی ئیشکردنی نوێمان دروستکردووە، کادیری نوێی بۆ دامەزراوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم قەبارەیە ساڵ بە ساڵ زیاتر بکەین و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی دروستی خۆی لە ڕێڕەوی ئابووریدا ببینێت.

 

چەند وەبەرهێنەری بیانی هاتوونەتە كوردستان و چەند مۆڵەت هەن؟

لە ساڵی ۲٠٠٦ تا ساڵی ڕابردوو، ٤٥ مۆڵەتی وەبەرهێنانی بیانیمان هەیە. بەرنامە هەیە بۆ زیادکردنی ئەم ڕێژەیە، بۆیە بە یارمەتیی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕەزامەندیی سەرۆکی وەزیران، یەکەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی دامەزراوە. مەبەستی سەرەکی ئاراستەکردنی وەبەرهێنانە بەرەو هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆمپانیا یان ئەو لایەنانەی ئارەزوو دەکەن لە ناوچەیەکی وەکوو هەرێمی کوردستان کار بکەن.

ئێمە بانگهێشتنامەیان بۆ دەنێرین بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرهێنانی زیاتریان پێبدەین، ئەم مەبەستەش چەند کارمەندێک بۆ ئەم یەکەیەی کە دروست بووە دامەزراوە کارمەندی بەتوانا و باشن. هەروەها لۆگۆی هەرێمی کوردستان بەڕەزامەندی سەرۆ وەزیران کە لۆگۆی ئینڤێست کوردستانە، بۆیان دروست کراوە. بە هیواین لە ساڵی ۲٠۲۳ هەرێمی کوردستان ببێتە ناوچەی زێڕین بۆ وەبەرهێنان و پلانی ئەم یەکەیە بگاتە قۆناغێک نووسراو و داواکاری ئاراستەی زۆربەی هەرە زۆری کۆمپانیا و لایەن و ڕێکخراوە جیهانییەکان بکات، بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ببینن و کاری تێدا بکەن.

 

كارتان لەسەر وەبەرهێنەرانی عێراقی كردووە؟

بەدڵنیاییەوە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەرگاکانی کراوەیە بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن و لە عێراقیشن دەتوانن لێرە کاربکەن. هەروەها بەرهەمهێنەرانی وڵاتانی دەوروبەر و شوێنە دوورەکانیش. بۆ دەرفەتەکانیش لە هەوڵی ئەوەداین ڕێکخستنی زیاتری بۆ بکەین، تاوەکوو لە ڕێگای سایتی تایبەت كە بە ناوی "ئینڤێست کوردستان" دەکرێتەوە، زۆر بە ڕوونی لە چەند نەخشەیەکی دیاریکراودا دەرفەتەکان لەوێ دیاری دەکرێن و هەر ناوچەیەک بەپێی گرنگیی خۆی پیشاندەدرێت. دەرفەتەکانیش بەم شێوەیە لەگەڵ فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیكەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسان دەکەین، تاوەکوو بتوانین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا مۆڵەتی وەبەرهێنانیان پێبدەین. بەرنامەمان هەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ۸ فەرمانگەی خۆمان یەکەی تایبەت بە ناوی (یەکەی خزمەتگوزاریی وەبەرهێنەران) بكەینەوە.

وا دەکەین هەموو فەرمانگە حکومییەکان لەناو یەکەیەکی تایبەت لەناو فەرمانگەی وەبەرهێنان بن، بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرهێنان و بەدواداچوونی کێشەکانی وەبەرهێنان و کێشەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەیەک شوێندا بکرێت و بڕیاری لێ بدرێت. هەروەها بە ئاسانی کارەکان بۆ کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان ڕایی بکرێت.

 

جگە لەو ئاسانكارییانەی كراون، لەڕووی شەفافییەتەوە چۆن كار لەسەر وەبەرهێنان دەكەن؟

لە کەرتی کشتوکاڵەوە دەستمانپێکردووە؛ سەرجەم داتاو زانیارییەكان لەسەر هەرێمی کوردستان لە دووتوێی چەند لاپەڕەیەکی دیاریکراو لە سایت دادەنرێت. ئەم زانیارییانەش بۆ ئەوەیە لەسەر بنەمای شەفافییەت بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکیی کوردستان، باشی و خراپیەکان لەڕووی وەبەرهێنانەوە بخرێنەڕوو.

دروستکردنی سایتی ئنڤێست کوردستانیش بۆ ئەوەیە بە ڕوونی لای خەڵک دیاربێت تا چەند کوردستان دەرفەتی وەبەرهێنانی تێدایە و چۆن دەتوانێت کارەکانی خۆی بکات. ئێمە هەوڵدەدەین لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم سایتە بەشێوەیەك دەوڵەمەند بکرێت كە خەڵک زۆر بە ئاسانی دەستی بگاتە زانیارییەکان و زۆر ڕوون بن و بتوانن بە ئاسانی کاری تێدا بکەن و زانیارییان لەسەر وەبەرهێنان دەستبکەوێت. بێگومان ئەوە تەنیا بۆ وەبەرهێنەران نییە، بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و دنیاش بەردەست دەبێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات و بە ئاسانترین شێوە دەستیان بگاتە ئەو زانیارییانەی لە دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەکانی وەبەرهێنان هەن؛ بە مەبەستی وەبەرهێنان بێت یان بۆ مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زانستی بێت.

 

تا چەند هەوڵتان داوە ئەو پڕۆژانەی كە وەستابوون دەستپێبكەنەوە و بەردەوام بن؟

کاتێک لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بووین، ژمارەیەک پڕۆژە وەستابوون، بەتایبەتی پڕۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبوون. بەشێکی زۆریان بەکارخراون و ئێستا وەبەرهێنەری نوێ دەستیان پێکردووەتەوە؛ بەشێکی بچووکی ماوە کە کێشەیان هەیە، لە داهاتوودا ئەمانەش بەهەمان شێوە چارەسەر دەکرێن. هەوڵ دەدەین ئەم بابەتە ببێتە پێشینەی بەرنامەکانمان لە ڕووی ئیشکردن و لە ڕووی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە. بێگومان 2-3 پڕۆژەی گەورە کێشەیان ماوە لە 11 پڕۆژە. ئەوانیش لەمساڵدا چارەسەر دەکرێن و وەبەرهێنەری نوێ تێیاندا دەستبەکار دەبن. لە کابینەی نۆیەم تا کۆتایی ۲٠۲۲، نزیکەی ۲٥٠ مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە، هەموو پڕۆژەکانیش دەستبەکار بوون و بەشێکیان بەرهەمیان هەیە و هیچ پڕۆژەیەکیش لەکار نەوەستاوە. ئەوەی گرنگە بەدواداچوون و سەرپەرشتیی پڕۆژەکانە؛ لە میانەی کابینەی نۆیەم پڕۆژەکان باشتر کار دەکەن و لە کاتی خۆیدا تەواو دەبن. پێداگریی ئێمەش ئەوەیە هەر پڕۆژەیەک لە کاتی یاسایی خۆی دەست پێبکات و کۆتایی پێبێت.

 

وەكو دەستەی وەبەرهێنان تا چەند هەوڵتان داوە وەبەرهێنەر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بێنن؟

پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە تێکرای سێکتەرەکان، هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەکانی دیكە لە سێکتەرەکانی دیكەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت. لە هەمووی گرنگتر بەستنەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستانە بە هێڵی شەمەندەفەرەوە. لە ئێستادا چەند وەزارەتێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکەن و بەهیواین بگەنە قۆناغی کۆتایی خوێندنەوە و دانانی نەخشە و دانانی پلانی کارکردن. بۆ ئەوەی ئێمەش لەگەڵ وەبەرهێنەران بتوانین ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەت و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكەین. هەروەها پڕۆژەی دیكەش هەن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بۆنموونە لە سێکتەری بانک و ئاو و ئاوەڕۆ و غازی ماڵان، کۆمەڵێک پڕۆژەی تر هەیە ئیشی لەسەر دەکرێت؛ وەک بابەتی کشتوکاڵ و گەیاندنی ئاو بە زەویی کشتوکاڵی، ئەوانە هەمووی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستییەتی گرنگیی زۆری پێ بدات و لە داهاتوودا کاری زیاتری لەسەر بکات.

 

هەندێك لە وەزارەتەكان هەوڵ دەدەن ڕێژەیەك لەو یەكانەی نیشتەجێبوون بۆ چین و توێژە تایبەتەكان دابین بكەن، ئێوە تا چەند هاوكاریانن؟

پڕۆسەی دروستکردنی ۲٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە بڕیاری سەرۆکوەزیران تەنیا خۆی لەم ژمارەیە نابینێتەوە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی بەردەوامی چەند ساڵی داهاتووە بۆ ئەوەی خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشین لە هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەربگرن. تێکڕا لە هەرێمی کوردستان سەرووی  ۲٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە، بەشێکی زۆری خەڵکی کەمداهات یان خەڵکی ئابووریی مامناوەند سوودیان لێی وەرگرتووە. بەڵام بەشێکی زۆریش سوودمەند نەبوون، بۆیە ئامانجی سەرۆکوەزیران ئەوەیە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لێیان. بۆیە ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەم پڕۆژەیە بوو، ئێستاش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. لە هەندێك شاریش خەریکی جێبەجێکردنین. سەبارەت بە پێشنیاری وەزارەتی كاروکاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە ۱۸ هەتا ۲٤ ساڵە و لە خانەی بێسەرپەرشتانن، بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئێمە هاتووە. ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بۆ ئەم توێژە دیاریکراوە جێبەجێ بکەین و پشتگیرییش دەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕۆسەکە جێبەجێ بکرێت.

 

پڕۆسەی دروستكردنی شوقەكان لە كوێ دەستیپێكردووە؟

پڕۆسەی دروستکردنی شوقەکان لە زاخۆ دەستیپێکردووە و لە هەولێریش لە ماوەیەکی نزیک دەستپێدەکرێت. لە شارەکانی دیكەش بە هەمانشێوە خەریکی ڕێکاری وەرگرتنی زەوین و وەبەرهێنەران دەستنیشان کراون و دەستنیشان دەکرێن، بۆ ئەوەی بچن لەسەر پڕۆژەکان بەپێی ئەو ژمارەیەی بۆ ئەو پارێزگایە یان ئەو ئیدارە سەربەخۆیەی دانراوە جێبەجێ بکرێت .

 

مەودای دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون چەندە؟

ماوەی کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە وەکوو دانراوە دوو ساڵە. پێویستە لەم دوو ساڵە تەواوبکرێت و بدرێت بە خەڵک. بە یەک پێشەکی بە قستی دڕێژخایەن بۆ ماوەی ۱٥ ساڵ، بۆ هەر سێ توێژ دروست دەکرێت. لەپاڵ ئەوەشدا ۹ هەزار و ٤ یەکەی نیشتەجێبوونی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەن، لەلایەن ئەوان دابەشدەکرێت، پێویستە تەمویلی بکەین، بەشێکی زۆری بە ڕێژەی۳٠% تا ۹٠٪ ئیشیان لەسەر کراوە، ئەمانیش پێویستییان بە بودجەیە و لەگەڵ ئەم ۲٠ هەزار شوقەیەی تەواو دەکرێن سوودیان لێ دەبینرێت. ئامانج ئەوەیە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان سوود لەم دوو پڕۆژەی شوقەیە وەربگرن و بەسەر ئەواندا دابەش بکرێن.

 

ئەو پڕۆژانەی كە  كەموكوڕیی خزمەتگوزارییان تێدا هەبووە، چ ڕێكارێكتان بەرامبەریان گرتووەتەبەر؟

بۆ پڕۆژە نوێیەکان، پێویستە بەپێی ستاندارد قوتابخانە و هەموو خزمەتگوزارییەكیان تێدابێت. لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە چەندین قوتابخانە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستکراون؛ ئەو پڕۆژانەی پێشتر قوتابخانەیان نەبووە لەسەریان سەپێنراوە دروستی بکەن، بەشێکیش خۆیان وەک خۆبەخش قوتابخانەیان دروست کردووە. لەمەودوا هەر پڕۆژەیەک دروستبکرێت، بە تایبەت لەو ۲٠ هەزار یەکەیە، هاوتەریب هەموو خزمەتگوزارییەکی لەگەڵ دروست دەکرێت كە گونجاو بێت بۆ ژیان و هەموو ئەو چالاکییە خزمەتگوزارییانەی بۆ ژیانی خەڵك پێویستن.