Skip to the content

درێژترین پردی کوردستان و عێراق لە گەرمیان دروستدەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بوونیادنانی ژێرخانێکی بەهێزیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا، گرنگترین پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگەوبان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێدەکرێت.

پردی ئاوەخێری، کە بەشێکە لە پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی کەلار - دەربەندیخان، ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە و دەبێتە درێژترین پرد لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق.

عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی گەرمیان، لەبارەی گرنگیی ئەم پردەوە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند:''پردەکە، لەناو پڕۆژەیەکی گرنگدا دروستدەکرێت و بەشێکە لە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کە لە ئیدارەی گەرمیان جێبەجێدەکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی دروستکردنی بە سستی بەڕێوەدەچن.''

لەبارەی پێکهاتەی پردەکەوە، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی گەرمیان گوتی:''لە ٣٨ چاوگ پێکهاتووە، درێژییەکەی هەزار و ٢٠٠ مەترە، دوو سایدی چوون و هاتنە و پانیی هەر سایدێکیشی شەش مەتر و نیوە، ئەمە جگە لەوەی کە بەرزییەکەی ١٨ مەترە و پایەڵەکانیشی ١٤ مەتر لەژێر زەوییەوەن.''

تاوەکو ئێستا، ڕێژەی ٥٠٪ـی کارەکانی دروستکردنی پردەکە تەواوبووە و بە تەواوبوونیشی، دەبێتە درێژترین پرد لە تەواوی کوردستان و عێراق.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣