زانکۆی سەلاحەددین یەکەمی سەر ئاستی عێراقە
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- بە پێی ڕیزبەندیی زانستیی ماڵپەڕی (کلاریڤەیت - Clarivate)، زانکۆی سەلاحەددین بۆ جاری دووەم و لهسهر ئاستی زانكۆكانی ههرێمی كوردستان و عێراق و له چوارچێوهی ئهو توێژینهوانهی له ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٢ پێشكهشی كردوون، پلهی یهكهمی بهدهست هێنا. بۆ ئهم مهبهسته د. کارزان شێخ موحسین، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی سەلاحەدین ، پەیوەست بەم بابەتە وەڵامی چەند پرسیارێكی دایەوە:
بنهما و پێوهرهكانی ههڵسهنگاندنی زانكۆكان لەسەر ئاستی جیهان به چ شێوهیهك دهكرێت؟
د. کارزان: زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر، یەکێک لە زانکۆ گەورە و دێرینەکانی کوردستانە و بە حوکمی ئەو پێگەیەی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان هەیەتی و زۆریی ژمارەی مامۆستایان و توێژەران و قوتابیان کە لەو زانکۆیە کار دەکەن و دەخوێنن، پێگە زانستییەكانی جیهان بە گرنگییەوە سەرنج دەدەنە لایەنە زانستییەكەی كە ئایا ئهم زانکۆیە تا چەند پلەبەندییە زانستییەكانی بەرەو پێش دەچن.
ئەو پلەبەندییەى بەم دواییانه ڕاگهیەندرا، زانکۆی سەلاحەدین تێیدا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بهدهستهێنا، بە حوکمی ئەوەی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، توێژینەوەکانی ئاستبەرز بوونە و فاکتەری کاریگەریی زۆر بەرزیان هەیە و ژمارەی لێوەرگرتنی زانستی لەو توێژینەوانە ژمارەی پێوانەیی لەسەر ئاستی عێراق تۆمار کردووە؛ بە شێوەیەک بە پێی ئەو ئامارانەی لێوەرگرتنی زانستی لە توێژینەوەکان هەبووە و لە چەند بواری تردا، باشترین توێژەرانی عێراق لە زانکۆی سەلاحەدینن، بەنموونە لە بوارەکانی جیولۆجیای نەوت و پێشکەوتنی بایۆلۆجی و نەخۆشیی شێرپەنجە و توێژینەوەکانی شێرپەنجە و بواری نەخۆشییەکان و میکرۆبەکان.
ئەم زانکۆیە لە ڕابردوو و ئێستاشدا بەردەوام پاڵپشتییەکی گەورەی توێژینەوەی کردووە و سەنتەرێکی بەهێزی هەیە کە لە کوردستان بەهێزترین سەنتەری توێژینەوەیە؛ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگه و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگه. بەهۆی ئەوەی ئاستی زانستیی ئەو توێژینەوانە بۆ کۆمەڵگه سوودبەخشن، وا دەکات لە جیهاندا بە هەند وەربگیرێن.
بەنموونه کە باسی نەخۆشییەک دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەدین ئامارەکان دەخاتە ڕوو و داتاکان شیتەڵ دەکات و لە بەرامبەریشدا هەموو مەڵبەندە جیهانییەکان سوودى لێ وەردەگرن. زانکۆی سەلاحەدین و سەرۆکایەتیی زانکۆکە وەک پاڵپشتییەکی ماددی و مەعنەویی گرنگ دەڕوانێتە توێژەران و جۆرێک لە ژینگەی دروستکردووە کە جۆرێك لە ڕکابەری و کێبڕکێی باشترین توێژینەوە لە باشترین گۆڤاری جیهان و بە باشترین كاریگەری بڵاوبكرێنەوە. هەروەها ئەو خەڵات و پێگە زانستییانەی بەو توێژینەوانە دەبەخشرێن، وایكردووە توێژەران زیاتر هانبدرێن.
ساڵانه ههڵسهنگاندن و ڕیزبهندی بۆ زانكۆكان لەبارەی ساڵێكەوە دهكرێت یا توێژینهوهی چهند ساڵێك بهیهكهوه وهردهگیرێت؟
د. کارزان: دەزگایەکی جیهانی بە ناوی یۆبۆمیتریکس ئەو پلەبەندییە دەکات، چەند ڕێگە و پلەبەندییەک بەکاردەهێنێت کە یەکێکیان ماوەی توێژینەوەی ئەو پێنج ساڵەی ڕابردووە لەو زانکۆیە كراوە کە ئایا تا چەند خەڵک سوودی لێ وەرگرتوون. ئەو توێژینهوانه ساڵانە بەردەوام دەبن، بەڵام داتای پێنج ساڵ کۆ دەکرێتەوە و دواتر دهخرێته ڕوو.
دوای بهدهستهێنانی ئهو پلهیه تا چهند ئهركی زانكۆی سهلاحهدین قورستر دەبێت و پلانی ساڵی ئایندەتان چی دهبێت؟
د. کارزان: دوای ئەو پلەبەندییە دوو خاڵ هەیە: یەکێکیان زانکۆ و توێژەرەکان زیاتر هەوڵدەدەن پارێزگاری لەو پلەیە بکەن و بە پێی ئەو ئامارانەی هەمانە بۆ ساڵی ئایندە توێژینەوەکان زیاتر دەبن و سکۆر و هەژماری زیاترمان دەبێت، لە بەرامبەردا ئەرکی زانکۆش قورستر دەکات، چونکە زانست بەردەوام لە پێشكەوتندایە.دووەمیان ئەوەیە زانکۆش دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە ئەو پێشکەوتنە هاوتەریب بێت لەگەڵ هەموو جیهان و توێژینەوەکان لەو ئاستەدا بن کە جیهان سەیری بکات و لێی وەرگرێت.
بۆیە ئەرکمان قورستر دهبێت بەوەی بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی توێژینەوە و سەنتەرەکانی توێژینەوە و توێژەران و ئەنجامدانی ئەو جۆرە توێژینەوانە.
زیاترین توێژینهوەكانی زانكۆی سەلاحەدین له چ بوارێكدا دەکرێت؟
د. کارزان: سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەدین و کۆلێژەکان هۆكارن تا توێژینەوە لە هەموو بوارێکدا بكرێت، بەڵام ئەو توێژینەوانەی پەیوەستن بە ژیانی مرۆڤهوە بەتایبەت لە بواری پزیشکی و بایۆلۆجی، زۆرترین سەرنجیان دەخرێتە سەر. لە هەمان كاتدا توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی و مێژوویی و جوگرافی و سیاسی و چەندین بوارى دیكەشمان هەن. ئێمە بە هۆی ئەوەی بەشی توێژینەوەی کۆمەڵایەتیشمان هەیە، لە ماوەى ڕابردوودا چەندین توێژینەوەمان لەسەر ئاستی کۆمەڵگه کردووە کە نهتهوه یهكگرتووهكان وەک دامهزراوهیهكی جیهانی بە هەندی وەرگرتووە و لە پلانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی ڕێگهچارەی چەند کێشەیەکی کۆمەڵایەتی پشتی بەو توێژینەوانە بەستووە.
ئامرازێك هەیە تا بەو هۆیەوە بزانرێت چهند كهس سوود له توێژینهوهكان وهردهگرن؟
د. کارزان: ئاستی زانکۆی سەلاحەدین لە پلەبەندییەکەدا دیارە. لیستی توێژینەوەکانیش کە ماوە ماوە پاداشت دەکرێن، وا دەکات سەدان توێژینەوەی ساڵانەمان هەبێت و ئاستیشیان بەرز بێت. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو پلەبەندییە هەیە كە دیاری دەكرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
15ـی كانوونی دووهمی 2023