كار بۆ جێبەجێكردنی ماستەرپلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، کار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و جێبەجێ کردنی ماستەر پلانی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان گرفتەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاو و ئاوەڕۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاووتوێ دەكەن و لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێیشدا، هەماهەنگی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێت.
ڕۆژی سێشەممە، 17ی كانوونی دووەمی 2023، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندی یاوەری، سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتەكانی زبڵ و خاشاك، تەنكەرینك، كاركردن لەسەر دوایین هەنگاوەكانی ماستەرپلانی گەشتوگوزار لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و خاوەندارییەتیی موڵكایەتی و زەوییە سندوقییەكان و گرفتەكانی دیكەی زەوی و زار پەیوەست بە زێدەڕۆیی كران.
لە کۆبوونەوەکەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند:"وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەسەڵاتی تەواوی داوەتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ئیدارەی سۆران، بە مەبەستی خێراتركردنی پڕۆسەی چارەسەری كێشەكان، كە لە خزمەت و بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا بێت."
لە لایەكی دیكەوە، هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خرایە بەرنامەی كارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ئەم مەبەستەش سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "پێویستە سۆرانێكی نوێ بونیاد بنێین".