لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە
رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
لە دوای کۆبوونەوەکە لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، کە لیژنەکە پشتگیری لە بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات کە بە ژمارە (٢٠/ ٥٢٢٨) کە لە رۆژی ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە بارەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی دەرچوو.
هەر لە بەیاننامەکەدا لیژنەی باڵا، سوپاسی پەرلەمان و حکومەتی ئەڵمانیا دەکات و سوپاسی ئەو وڵاتانەش دەکات کە پێشتر تاوانەکەیان بە جینۆساید ناساندووە و داواش لە وڵاتانی دیکە دەکات کە هەمان هەنگاو هەڵبگرن بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی کە تیرۆرستانی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی و گشت پێکهاتەکان ئەنجام دراوە.
لە بەیاننامەکەدا لیژنەی باڵا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناساندنی تاوانەکانی داعش بە جینۆساید و دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ، بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نیشتمانییەکانە.
لیژنەی باڵا، پشتگیری لە گشت خاڵەکانی هاتوو لە بڕیاری ئاماژە پێدراو دەکات، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەستە بە بەدیهێنانی دادپەروەری لە رێگای دادگاییکردنی تاوانباران بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و قەرەبوو کردنەوەی قوربانییان، و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاووڵاتییان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدەکات، کە لیژنەی باڵاو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و بەڵگە و پرۆسەکانی لیکۆڵینەوە و ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی یونیتاد، لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجامدراو لە لایەن رێکخراوی تیرۆرستی داعش.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣