Skip to the content

لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش کۆبووەوە

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش بەسەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کارەکانی رابردووی لیژنەکە و پلانی داهاتوو کرا، بە مەبەستی زیاتر کارکردن لە سەر بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرا، سەبارەت بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدیان، لیژنەکە ئەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیای بە گرنگ وەسف کرد.
لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش، بە بڕیاری ژمارە (٨٠)، بڕگەی (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠، دامەزراوە کە وەزیری ناوخۆ سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات و هەریەک لە وەزیرانی وەزیری داد، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدوادچوون و رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تێیدا ئەندامن .

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣