لەماوەی ساڵێكدا گەشەی كەرتی گەشتیاریی نزیكەی ٣٥% زیادی كردووە
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- بوژانەوە و پێشخستنی كەرتی گەشتیاریی، یەكێكە لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵ بەساڵیش بەپێی دەرخستەی داتاكان لەبارەی بەرە و پێشچوون و رێژەی شوێنە گەشتیارییەكان و رێژەی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو گەشە گەشتیارییە دەبینرێت.
بۆ ساڵی ٢٠٢٢، كە تیایدا زیاتر لە ٦ ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١، كە ٤ ملیۆن و ١٨٩ هەزار و ٥٦٩ گەشتیار هەبووە، دەردەكەوێت نزیكەی 2 ملیۆن گەشتیار زیاتر لە ساڵی پێشتر سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
ئاماری گەشتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٢ كە لەلایەن پارێزگاكانەوە ئاماژەی بۆ كراوە، بەپێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، و بەراورد بە ساڵێك پێشتر بەم شێوەیە بووە:
پاریزگای هەولێر، ٢ ملیۆن و ٧٥٢ هەزار گەشتیار.
پارێزگای سلێمانی، ٢ ملیۆن و ٥٤٥ هەزار و ١٥٦ گەشتیار
پارێزگای دهۆک، ٢ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار گەشتیار
ئەمە لە كاتێكدایە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەم شێوەیەی لای خوارەوە بووە:
هەولێر، ٢ ملیۆن و ٥١ هەزار و ٥٥٠ گەشتیار
سلێمانی، ملیۆنێك ٥٠١ هەزار و ٨٨١ گەشتیار
دهۆك، ٦١٣ هەزار و ٩٧٨ گەشتیار
گەرمیان، ٢٢ هەزار و ١٦٠ گەشتیار
لەبارەی تێكڕای ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی گەشتیاریی لە دەستەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، زیاتر لە ٦ ملیۆن گەشتیار لەو ساڵەدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەكاتێكدا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ كە چوار ملیۆن و ١٨٩ هەزار و ٥٦٩ گەشتیار بووە، دەریدەخات بۆ ساڵی ٢٠٢٢ نزیكەی ٢ ملیۆن گەشتیار سەردانیكردنیان بۆ هەریمی كوردستان زیادی كردووە.
سیروان تۆفیق، ئاماژەی بۆ جیاوازی ئاماری تێكڕای گەشتیاران كە لای ئەوان تۆماركراون، لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی پارێزگاكان ئاماژەی بۆ دەكەن كرد و گوتی، هەر پارێزگایەك تەنیا رێژەی گەشتیاری پارێزگاكەی خۆی تۆمار دەكات و لەكاتێكدا ئەو گەشتیارانە ئەگەری هەیە روو لە پارێزگایەكی تریش بكەن، بۆیە رێژەی تێكڕای گەشتیاران ئەوانەن هاتوونەتە سنووری هەرێمی كوردستان و ئەوەی پارێزگاكانیش بۆ ئەوانەن چونەتە ناو سنووری پارێزگایەكەوە.
ساڵانە لەكاتی نزیك بوونەوەی سەری ساڵی زاینیی، گەشتیاران روو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ بەشداری لەو بۆنە و ئاهەنگانەی لەو بارەیەوە رێك دەخرێن، ئاماری گەشتیارانیش تەنیا بۆ سەری ساڵی نوێی ٢٠٢٣، بەم شێوەیە بووە:
هەولێر، ٦١ هەزار گەشتیار، سلێمانی، ٦٤ هەزار و دهۆک، ٥٥ هەزار گەشتیار بووە.
٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٣