Skip to the content

وتەبێژی حکومەتی هەرێم: لەسەر دوو بنەما بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا ئامادەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی لە داڕشتنی پرۆژەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق هەیە و لێک تێگەیشتن لە نێوان هەردوو لا بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و چارەسەر کردنی کێشە داراییەکانی نێوانیان هەیە.
د. جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێگەی فەرمیی حکومەتی راگەیاند: کابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە و شاندەکانی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە و چەندین لیژنە بۆ كۆمەڵێك بابەتی وەك، پرۆژەی یاسای بودجەی 2023 عێراق و دۆسیەی نەوت و چاودێریی دارایی پێکهێنراون و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ هەیە.
گوتیشی: دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پێش سەری ساڵی نوێ بووە و ئێستاش ئامادەین هەر كاتێك پێویست بکات سەردانی بەغدا بكەین و چاوەڕێی ئەوەین كاتێك دابنرێت بۆ ئەوەی پێكەوە كۆ ببینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتەگرنگانە بكەین كە ئاماژەم پێدا، لەگەڵ كۆمەڵێك بابەتی تر كە پەیوەستن بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بابەتی پێشمەرگە، بۆیە ئێمە وەك حكومەت ئامادەین هەر کاتێک دیاری کرا سەردانی بەغدا بكەین.

دوو بنەما بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا
وتەبێژی حکومەت بە ئاماژە پێدان بە ئامادەیی حکومەتی هەرێم بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا وتی: ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا جیدییە و بۆ یەكەمینجاریشە هاوکات لەگەڵ دارشتنی پرۆژە یاسای بودجە لە بەغداین و ئامادەبوونمان هەیە، ئەمەش لەسەر داواكاریی ئێمە بووە. ئێستا چاوەڕێی دەرئەنجامەكان و کۆبوونەوەکانی داهاتوو دەکەین. ئەوەی کە دەمێنێتەوە بنەما و چۆنییەتی رێکەوتنەکەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەستوور وەک بنەمای رێکەوتنەکان یەکلا بووەتەوە، لەگەڵ رێکەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتی بەرێز سودانی کە لە لایەن فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێ دراوە. لەسەر ئەو دوو بنەمایە ئێمە بۆ رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ئامادەین.