Skip to the content

گواستنەوەی قوتابیان لە نێوان زانكۆكانی هەرێمدا ئاسانکاریی ئەلیکترۆنی تێدا کراوە

گواستنەوە و دابەزاندنی قوتابیان لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی قوتابیان و ساڵانە پێویستییان پێی دەبێت. بۆ ئەوەش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی، ئاسانکاری لەو پڕۆسەیە لە ڕێگەى لە بەئەلیکترۆنیکردنەوە کردووە.

ئارام ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان، لەو بارەوە دەڵێ: "ئێمە لە فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان، بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی وەرگرتن، بە هاوكاریی وەزیر  و ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بوودجەیەكمان بۆ پێشخستنی بەرنامەی گواستنەوە و دابەزاندن بۆ تەرخان کرا، ئەوە بوو گواستنەوە و دابەزین بۆ قۆناغەكانی سەرووی قۆناغی دووەوە هاتە ناو پۆرتاڵی ڕێگەی زانكۆ، بەمەش وای لێ دێت قوتابیان لە ساتی وەرگرتنیانەوە لە قۆناغی یەكەم، ئاگاداری هەموو جوڵەیەكیان بین، گواستنەوە و دابەزینیان لە كوێ بۆ کوێ كردووە، تاكوو ئەو ڕۆژەی دەردەچن. ئەمەش بە سیستەمێكی زۆر ئاسان كراوە، هەموو قوتابیان دەتوانن بەكاری بێنن، جگە لەوەش بۆ یارمەتیدانی قوتابیان، ڤیدیۆیەكی ڕوونكردنەوە دانراوە، دەتوانن لەگەڵ ڤیدیۆیەكە هەنگاوەكان جێبەجێ بكەن و داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن، ئەمەش لە ڕێگەى ناوی بەکارهێنەر و تێپەڕە وشەى نهێنیی قوتابیەوە دەکرێت".

لە بارەى ئاسانکاریی وەرگرتنی زانیاری لەلایەن قوتابیانەوە، تاکوو ڕۆتین و بارقورسییان کەم بێتەوە، ئارام ئیبراهیم، گوتی: " لەم سیستەمەدا ژوورێكی گفتوگۆمان داناوە تاوەكوو قوتابی لەوێوە هەموو پرسیارەكانی خۆی بكات و پێویست نەكات لە هیچ شوێنێكی هەرێمی كوردستان سەردانمان بكات، لە زانكۆكان و كۆلێژەکان كارمەندی تایبەت هەیە، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكانیان بداتەوە و قوتابییەكە بتوانێ ئیشی خۆی تەواو بكات".

دەشڵێت: "ئێمە زۆر دڵخۆشین بە پێشكەوتنی ئەم پڕۆسەیە، چونكە ئاسانكاری بۆ قوتابیان لە سەرجەم هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ ئێمەشی دەكات، ئەو قەرەباڵغییە لەسەر ناوەندی وەرگرتن و زانكۆكان ناهێڵێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە، پۆرتاڵی زانكۆلاین بۆ وەرگرتن، دوای ئەوەی لە خولی دووەم دەردەچێ، بۆ قوتابیان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی داواكاری پێشكەش بكەن، چیتر وەرگرتنی دەرچووانی پیشەیی و قوتابخانە ئینتەرناشناڵەكان و دەرچووانی شنگال  و پارێزگای كەركووك پێویست ناكات لە ڕێگەی فۆرمەوە بێت، چونكە ژمارەكان زۆر بووە و ئەمەش وا دەكات كارەكان دوا بكەوێت. دەستخۆشی لە وەزیری پەروەردە دەكەم؛ هەموو ئاسانكارییەكی خستە بەر دەستمان و ستافی تایبەتی خۆشی بۆمان تەرخان كرد، تاوەكوو ئەو كارە سەر بگرێت و جێبەجێ بكرێت".

بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت و مامەڵەى هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە بنەماکانی کارى کابینەى نۆیەمی حکومەت و لەو ڕووەشەوە لە زۆر سێکتەر و بوارى خوێندن و دارایی و مامەڵەدا ئەو هەنگاوەى ناوە. 

 

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری