گوتەبێژى نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بوو
ڕۆژی چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا، بە ئامادەبوونی د. جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، پێشەوا تاهیر، گوتەبێژی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەکار بوو.
لە بەشی یەكەمی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ڕایگەیاند: "سەرۆكی حكومەت جەختی لە گرنگیدان بە بەدامەزراوەییكردنی زیاتری دامودەزگای میدیاییی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری کردووەتەوە، ئەمەش لە پێناو بەهێزكردنی پەیوەندی و متمانەی نێوان حكومەت و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان. فەرمانگەی میدیا و زانیاری، دەتوانێت ببێتە دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و گشت چین و توێژەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان؛ بە درێژاییی ئەو ماوەیەی بەندە سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بوومە، وەكوو دامەزراوەیەكی میدیاییی حكومی، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت، كە بەهاووڵاتیانی ناساندووە، کارم کردووە".
لەو سۆنگەوە د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیاری، لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند:"ئەرکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە یەک کاتدا دوو ئەركی زۆر قورس بوون، بۆیە پێشنیازم كرد ئەم دوو ئەركە جیا بكرێنەوە، سەرۆكی حكومەتیش ڕەزامەندیی لەسەر داوە و بۆ ئەو مەبەستە پێشەوا تاهیر، وەكوو گوتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین بە هەماهەنگیی زیاتر، ئەركی حكومەت و چالاكی و پرۆژەكانی، بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بخەینە ڕوو".
لە بەشێكی تری كۆنفرانسەكەدا پێشەوا تاهیر، گوتەبێژی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەختی لە قسەكانی سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری كردەوە و بۆ ڕاییكردنی كارە میدیاییەكانی حكومەت بە هەماهەنگی و بە میدیاكانیشی ڕاگەیاند: "دەمانەوێت پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ میدیاكاندا هەبێت، لەسەر بنەمای گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەكان بە شێوەیەكی دروست، تا بتوانین بە شێوەیەكی هاوسەنگ لە خزمەت ئەو هەواڵ و زانیاریانەدا بین كە پەیوەندییان بە خەڵكی كوردستانەوە هەیە، لەگەڵ گەیاندنی ئەو كار و بەرنامانەی خزمەت بە هەرێم دەكەن".
پێشەوا تاهیر، گوتەبێژی نوێی حکومەت، سوپاسی سەرۆكوەزیرانی كرد، بۆ ئەو متمانەیەی پێیان دراوە، هەروەها سوپاسی د. جوتیار عادلی كرد بۆ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا و لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە هاوكاریی ڕژدی میدیاكان بووە بۆ دەرخستن و پێشاندانی زانیارییەكان لە كار و پرۆژەكانی ئەم كابینەیەدا و جەختی لەوە كردەوە "كاری ئێمە وەك گوتەبێژی حكومەت بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەبێت".
لە كۆتاییی كۆنفرانسەكەدا د.جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، پیرۆزبایی لە گوتەبێژی نوێی حكومەت كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، وەكوو فەرمانگە و سەرۆكی فەرمانگە، پاڵپشتیی پێشەوا تاهیر دەكەن و داوای لە میدیا و میدیاكارانیش كرد "لەو ئەركە نوێیەدا هاوكاریی گوتەبێژی نوێی حكومەت بكەن".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری