Skip to the content

چەند رێنماییەکی گرنگی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە رۆژانی جەژنی قوربان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، چەند ڕێنماییەکی بەپەلە دەردەکات.

ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی:

- سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و تەنیا لە شوێنەکانی رێپێدراو دەبێت.

- پابەندبوونی قەسابەکان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خۆپاراستن، بەتایبەتی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گوشت و خوێنەکەی، بەپێچەوانەوە بە توندی سزا دەدرێن.

- پێویستە ئاژەڵ دوو هەفتە پێش سەربڕینی، بە رشاندن و قڕکەر چارەسەر کرابێت.

- دوای سەربڕینی ئاژەڵ، پێویستە شوێنەکەی پاک بکرێتەوە. کەلوپەلی بەکارهاتووش (جلوبەرگ و چاقۆ) بە هەمان شێوە پاک بکرێتەوە.

- پێویستە هاووڵاتیان گۆشتی سوور لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستەوانە لە دەست بکەن و ئاگادار بن دەستیان هیچ برینێکی نەبێت، تەختەی پارچەکردنی گۆشت لە تەختەی لەتکردنی سەوزە جیا بێت و شوێنەکەشی بە باشی بە ئاوی گەرم و سابوون و دواتر بە هەمان شێوەی خاڵی چوارەم خاوێن بکرێتەوە.

- لەبەرکردنی جلی قۆڵ درێژ و رەنگی کاڵ لە کاتی سەردانکردنی ئەو شوێنانەی گەنەکان تێیدا بڵاو بوونەوە. هەروەها کرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ بەکار بهێنرێت.

- بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی پێویستە بۆ گرتنەبەری رێکارەکانی رەشاندنی قڕکەر، هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ بکەن.

- پێویستە چالاکییەکانی بەدواداچوونی گەنە و رشاندنی دەرمانی قڕکەر لە شوێنی ئاژەڵان و هێنانی نموونەی گەنە بۆ پشکنین جێبەجێ بکرێت و پرۆسەی کۆکردنەوەی گەنە و شێوازی پاراستی لە ٨٥٪ کحول لە بۆتڵی شووشەی قەپاتکراو بە دروستی لەبەرچاو بگیرێت.

ئەم ڕێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە کە چەند حاڵەتێکی مردن بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاندراوە و وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی ڕێنماییەکان بن.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری