Skip to the content

بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی شەش بەنداو لەبواری جێبەجێکردندان

بەردەوامیی دروستکردنی بەنداوەکان، وەکوو بنەمایەکی گرنگی ژێرخان و پاراستنی سامانی ئاو، لەلایەن کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەیر دەکرێت و کارى بۆ دەکرێت. لەم ڕووەوە ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەرى گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکان، بۆ پێگەى فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دواوە.

لە ساڵی ٢٠٢٢ چوار بەنداو تەواو کراون
رەحمان خانی، لەبارەى بەنداوە تەواوکراوەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ گوتی: "چوار بەنداو بە تواناى کۆگاکردنی ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو تەواو کراون، ئەوانیش بەنداوی چەمرگە لە هەولێر، بەنداوی دێوانە لە سلێمانی، بەنداوی خنس لە دهۆک، لەگەڵ بەنداوی تووڕەجاڕ لە گەرمیان.

بەشێک لە بەنداوەکان قۆناغی باشیان بڕیوە
خانی ڕاشیگەیاند: "ئەو بەنداوانەى لە هەرێمی کوردستانن، قۆناغێکی باشیان لێ جێبەجێ کراوە و لە کۆتایی ٢٠٢١، بودجە بۆ تەواوکردنیان تەرخان کراوە، بریتین له‌ بەنداوەکانی زەلان، چەقچەق دوو، دێوانە لە سلێمانی، بەنداوەکانی خۆرنەوەزان و تووڕەجاڕ لە گەرمیان، بەنداوەکانی چەمگرە، بانوی تاڵەبان، شەوگێڕ، گۆمەسپان، نازەنین، ئاقووبان لە هەولێر، بەنداوەکانی خنس، سبنەدوو، گەلی بەنداوە لە دهۆک.

دەست بە کارەکانی ٦ بەنداو کراوەتەوە
بەڕێوەبەرى گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راشیگەیاند:"لە ساڵی ٢٠٢٢، کارکردن لە چوار بەنداو دەستیان پێ کردووەتەوە و ڕێژەیەکی باشیان لێ ئەنجام دراوە:بەنداوی گۆمەسپان، بە تواناى کۆگاکردنی ٩٧ ملیۆن مەتر سێجا لە هەولێر، بەنداوی شەوگێڕ، بە تواناى کۆگاکردنی ٢ ملیۆن مەتر سێجا لە کۆیە. بەنداوی ئاقووبان، بە تواناى کۆگاکردنی ٢ ملیۆن مەتر سێجا لە هەولێر. بەنداوی سبنەدوو، بە تواناى کۆگاکردنی ٦ ملیۆن مەتر سێجا لە دهۆک. ئەو بەنداوانەشی لە سەرەتاى ٢٠٢٣ دەستیان پێ کراوەتەوە، بریتین لە بەنداوی بانوی تاڵەبان، بە تواناى کۆگاکردنی ٣ ملیۆن مەتر سێجا و بەنداوی نازەنین بە تواناى کۆگاکردنی ٢ ملیۆن مەتر سێجا”.


هەمەهانگیی بەنداوسازی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا
رەحمان خانی لەبارەى هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا لەسەر بەنداوەکان گوتی: "حكومه‌تی عێراق له‌ ماسته‌ر پلان و لێکۆڵینەوەى ستراتیژی بۆ ئاو و خاك، کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێکردووە و تاکوو ٢٠٣٥ بەردەوام دەبێت، ده‌یان به‌نداوی گه‌وره‌ و بچووكی کۆگاکردن و هایدرۆپاوه‌ری دروست دەکات‌، به‌شێكی زۆریان له‌ كوردستان و له‌گه‌ڵ پلانه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان یه‌كده‌گرنه‌وه‌".

خانی دەشڵێت: "هەوڵ دراوە له‌ ڕێگەی لیژنه‌ی ته‌كنیكی و شاندی وتووێژ له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق، هەماهەنگی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكرێت؛ له‌ ساڵی ٢٠٢٢، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ و وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حکومەتی فیدراڵی و به‌نداوه‌كان تایبه‌ت به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌ گه‌وره‌كان و دروستكردنی به‌نداوی نوێی ستراتیژی به‌پێی پلان له‌ هه‌رێمی كوردستان کراوە”.

ئەوەشی گوت: “دروستكردنی به‌نداوی بچووك له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی وشكه‌ساڵی و كۆكردنه‌وه‌ی باراناو پرسێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە. لە نموونەى ئەو بەنداوانەى گفتوگۆی لەسەر کراوە، بریتین لە به‌نداوی مه‌نداوه، ‌بە توانای کۆگاکردنی ٣٣٠ ملیۆن مەتر سێجا له‌ هه‌ولێر، بەنداوی ده‌ڵگه‌ بە توانای کۆگاکردنی ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا له‌ سلێمانی، بەنداوی ته‌قته‌ق بە توانای کۆگاکردنی ١٠٠٠ ملیۆن مەتر سێجا له‌ كۆیه‌، بەنداوی باكرمان بە توانای کۆگاکردنی ٥٠٠ ملیۆن مەتر سێجا له‌ دهۆك، لەگەڵ بەنداوی كه‌لار (به‌رده‌سوور)، بە توانای کۆگاکردنی ١٧٠ ملیۆن مەتر سێجا”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەى بەنداوسازی و نوێکردنەوەى بەنداوەکانەوە، لەلایەکەوە دەیەوێت ئاسایشی ئاو بۆ ئایندە بپارێزێت و لەڕووی کشتوکاڵی و بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵیشەوە سوودی لێ وەربگرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١١ـی ئاداری ٢٠٢٣