حکومەت ڕژدە لەسەر پارێزگاریکردن لەو ئافرەتانەی ڕووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر پاراستنی ئافرەتان و مافەکانیان سوورە و ئەو تاوانبارانەی کە تووندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان و خێزان دەکەن، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و بەپێی یاسا سزا دەدرێن؛ تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، نزیکەی ١٦ هەزار کەیسی تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە زۆربەیان بە ئاشتەوایی کۆتاییان هاتووە، ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە ٣ هەزار تۆمەتباریش دەستگیرکراون.
هێڵی گەرمی ١١٩ و چۆنییەتی هاوكاریکردنی ئافرەتان
فێنک شەفیق، بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ پاراستنی هەموو ئافرەتێك كە تووندوتیژی بەرانبەر دەكرێت و سكاڵایان دەبێت، بە ڕێکارە یاساییەکان هەڵدەستن، جا كەیسەكان چ تایبەت بن بە ئافرەت یان ئەندامانی خێزان تاوەکو پلەی چوارەم، بەپێی ماددەی ٨ـی ساڵی ٢٠١١ كاری لەسەر دەكرێت و ڕێكارە یاساییەكان دەگیرێنە بەر، پاشان دەبردرێتە بەردەمی دادوەر. هەر پەیوەندییەک بۆ ١١٩ کرابێت، توانیومانە بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم و دادگا، ڕووبەڕوو بەرەو پیرییەوە بچین".
٧ بەڕێوەبەرایەتی و ٢٦ نووسینگە لەسەر هێڵن
فێنک شەفیق، گوتیشی: " دوای گەشەسەسەندنی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، ئێستا ٧ بەڕێوەبەرایەتیمان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان هەیە و ٢٦ نووسینگە لە قەزایەكان و ٥ هۆبە لە ناحیەكان هەن؛ ئەمە وای كردووە زیاتر دەنگی ئەو خەڵكانە بگاتە ئێمە کە تووندوتیژییان بەرانبەر دەكرێت. هاوکات ئێمە بەشی ڕاوێژكاریی خێزانی و بەشی هۆبەی ئاشتەوایی و بەشی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانمان هەن. لەبواری یاسایی و كۆمەڵایەتی و دەروونی شەڵتەرمان بۆ پاراستنی ئەو ئافرەتانەی كە تووندوتیژیان بەرانبەر دەكرێت هەیە، چونکە ئێمە بەڕێوەبەرایەتییەكی كۆمەڵایەتین".
بەرەنگاریی تووندوتیژیی ئافرەتان بە هەماهەنگیی دەزگایی دەکرێت
لەبارەی كەمكردنەوەی رێژەی تووندوتیژی و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە ئاماژەی بەوە دا، "لەم كابینەیەدا زیاتر پشتیوانی ئافرەتان بووین، چونكە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەتەنیا نییە، بەڵكوو بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی خانمان و وەزارەتی کاروبارى کۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ئەوقاف و خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری و پەروەردە بەڕێوەدەچێت. لە لایەکی دیکەوە بە یەك دەست لەگەڵ ڕێكخراوە جەماوەرییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و جیهانییەكان بەیەكەوە كار دەكەین، لە نموونەى بەرئەنجامی ئەو هەوڵانەش لەم کابینەیەدا قەدەغەکردنی سیمکارتی نایاسایی و تووندترکردنی قەدەغەکردنی چەکداری لێ کەوتووەتەوە، ئەوەش لە پێناو کەمکردنەوەى تووندوتیژییەکان بووە".
بڵاوکردنەوەى هۆشیارییش بەشێکە لە بەرەنگاری
لەبارەى بڵاوکردنەوەى هۆشیاری لەپێناو کەمکردنەوەى تووندوتیژییەکانیش، گوتی: "بەردەوامین لە ئەنجامدانی سیمینارەكان لە ناو قوتابخانە و زانكۆكان، لەو ناوەندانەدا هۆشیارى مرۆیی و ئاینی و زانستی لەبارەى بەرەنگاربوونەوەى تووندوتیژی بڵاو دەکەینەوە و قوتابییان هۆشیار دەکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە هۆشیاریی جۆراوجۆر بەپێی ناوەند و تەمەنی جیاواز لە دامودەزگاکاندا بە قوتابیان دەدرێت".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٨ى ئادارى ٢٠٢٣