Skip to the content

چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم مافی پێشمەرگە نەخۆش و بریندارەكان دەپارێزێت

وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە، ئاستی کەمئەندامێتیی ئەو پێشمەرگانە دیاری دەکات کە لە شەڕەکاندا بریندار بوون و بەپێی ئاستی برینداربوونیان خانەنشین دەکرێن. لە هەمان کاتیشدا چارەسەری ئەو پێشمەرگانە دەکات کە لە ناوخۆی وڵات پێیوستییان بە چارەسەرە و تێچووی خەرجیی ئەو پێشمەرگانەش لە ئەستۆ دەگرێت کە لە دەرەوەی وڵات پێویستییان بە چارەسەرە.

 

پێشمەرگەیەكی بریندار لەبارەی لیژنەكەوە دەدوێت

عەزیز حەسەن، كە پلەی عەقیدە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لەكاتی سەردانیكردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکیی گشتی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی لیژنەی باڵای پزیشکییەوە ئاستی پەکەوتەیی دیاری بکرێت، بۆ پێگەی فەرمیی حكومەت دوا و باسی لەوە كرد، كە ساڵی ٢٠١٥ لە شەڕی دژ بە داعش بریندار بووە و جگە لە بەركەوتن و پەککەوتنی بەشێک لە جەستەی، بیناییی چاوێکیشی لەدەست داوە، ئەو دەستخۆشی لە ستاف و پزیشكانی لیژنەكە كرد، بۆ ئەوەی بە ئاسانی و وردی و دڵسۆزی و ڕێزەوە كارەكانیان بۆ ڕایی كردووە.

 

پێداویستی و چارەسەركردن

لیژنەكە لە نۆ پزیشكی تایبەت پێكهاتووە و هەموو بەشەكانی پزیشكی لەخۆ دەگرێت. د. شوان ڕەمەزان، یەکێک لە ئەندامەکانی لیژنەی باڵای پزیشکییە، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: "پشكنینی تەواو بۆ جەستەی نەخۆشەکە دەكەین و بەپێی ئەو پڕۆتۆكۆڵەی هەیە، ئێمە وەكو لیژنەی پزیشكی، بەپێی ئاستی برینداربوونەكەی ژمارەی پێ دەدەین، ئەمەش بۆ ئەوەیە مافی خۆیان بەپێی ئەو ڕێژەیەی بۆیان دیاری دەكرێت، پێیان بدرێت".

جگە لە دیاریكردنی ڕێژەی برینداربوون، لەبارەی كاری لیژنەكە بۆ چارەسەركردنی پێشمەرگەكان، د.شوان ڕەمەزان، دەڵێت: "پێشمەرگە هەیە پێویستی بە چارەسەر هەیە، جا چارەسەرەکە بە پێدانی دەرمان بێت یان نەشتەرگەری؛ لیژنە دوای وردبینی، ئەگەر چارەسەری لە ناوخۆی وڵات پێویست بێت بۆی دەكەن و ئەگەر پێویستی بە دەرەوەی وڵاتیش بێت، تێچووەکەی دەگرنە ئەستۆ".

 

چاكسازییەكانی بۆ پاراستنی مافی پێشمەرگە

سەنگەر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەشی لیژنەی باڵای پزیشکی، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی گوت: "لیژنەكە هەفتانە دووجار دادەنیشێت بۆ ڕاییكردنی كاری ئەو پێشمەرگانەی پێویستییان بە ڕاپۆرت و بڕیاری لیژنەكە هەیە، لە هەر ڕۆژێكیشدا نزیكەی ٥٠ كەیس دەبینن".

لەبارەی بەرەوپێشچوونی كاروبارەكانی لیژنەكە لەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەنگەر ئیسماعیل دەڵێت: "پێشتر كارەكان بەشێوەیەك بوون داتامان نەبوو، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا كارەكان بە سیستەم كراون و تەنانەت پێش هاتنی ئەو پێشمەرگانەی پێویستە سەردانی لیژنەكە بكەن، پەیوەندی و ڕێكخستنی كات و كاریان بۆ دەكرێت بەر لەوەی سەردان بكەن و ڕێنمایی تایبەتییان پێ دەدرێت بە شێوەی ئۆنلاین، تەنانەت ئەو فۆرمەی كەیسەكەی لەسەر تۆمار دەكرێت، تایبەتە و ناتوانرێت هیچ فێڵێكی تێدا بكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی مافی هیچ كەسێك پێشێل نەكرێت".

بەڕێوەبەری بەشی لیژنەی باڵای  پزیشکی دەشڵێت: "سەرجەم ئەو كەیسانەی پێشتر كرابوون، جارێكی دی ئەم لیژنەیە پیایاندا دەچێتەوە، ئەو كەیسانەی پێشتریش تۆمار كراون و ئەم لیژنەیە پێیاندا چووەتەوە، زۆربەیان كاری هەڵەیان بۆ تۆمار كراوە و لەم لیژنەیەدا نەیانتوانیوە كەیسەكانیان بسەلمێنن و دەرنەچوون، بۆیە ١٠٠% لە كار و كارئاسانی و خزمەتكردن بەراورد بە پێشتر، لەم كابینەیەدا گۆڕانكاری زۆر كراوە و لە ئێستادا مۆدێرنانە كار دەكرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو چاكسازییە بوو، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەڵینی بۆ دابوو".

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٣ی ئاداری ٢٠٢٣