Skip to the content

دەست بە تەواوکردنی پرۆژە تەواونەكراوەكانی نیشتەجێبوون دەکرێتەوە

ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون، کە تەواو نەكرابوون و كارەكانیان وەستابوو، بۆ تەواوكردنیان دەست بە كاركردن دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی كاركردن لە پرۆژەكانیشدا بێ كەموكوڕی و بەشێوەیەك بێت و بەردەوامییان هەبێت، لەم كابینەیەدا و لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە، لەسەر خاوەن پرۆژەكان پێویست كراوە ژمارەیەكی نوێی بانكی بكەنەوە و داهاتی هاووڵاتییان و پرۆژەكە بچێتە سەر ئەو هەژمارە.

 

د. مـحـەمـمەدشـوکـری مـحـەمـمەدسـەعـیـد، سـەرۆکـی دەسـتـەی وەبـەرھــێـنـان، لەبارەی پلان و كاری دەستەكەیان لەم كابینەیەدا، بۆ نەوەستان و باش بەڕێوەچوونی پرۆژە تەواونەكراوەكانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی كوردستان، بەر لە كابینەی نۆیەم چەند پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە كار وەستابوون، لە كاتێكدا خەڵكێكی زۆر پارەی تێدا خەرج كردبوو و چاوەڕێی تەواوبوونی بوون، بەشێك لەو پرۆژانە دەست پێ کراونەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بگەنە مافەكانیان، لەوانە پرۆژەی فلۆریاسیتی لە شاری هەولێر، وەرینسیتی یان ئارامسیتی و شارسیتی لە دهۆك و هەندێك پرۆژەی تریش لە ناوچەكانی تر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك پرۆژە هەن نەمانتوانیوە كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەین و بكەونەوە كار، لەبەر ئەوەی كێشەكانیان ئێجگار زۆر بووە، لەوانە پرۆژەی دەشتی بەهەشت كە لە بەرنامەدایە و ئومێدەوارم لەمساڵدا ئەو پرۆژەیەش بكەوێتەوە سەر كار و دەست بە تەواوكردنی بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا چەند پرۆژەیەكی تری بچووك هەن گرفتیان تێدایە، ئەوانیش لیژنەی تایبەتمەندی بۆ دیاری كراوە تا بتوانین كێشەكانیان چارەسەر بكەین".

سـەرۆکـی دەسـتـەی وەبـەرھــێـنـان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون کە تەواو نەكرابوون، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، لەم كابینەیەدا لەسەریان پێویست كراوە ژمارەیەكی نوێی بانكی بكەنەوە و داهاتی هاووڵاتییان و پرۆژەكە بچێتە سەر ئەو هەژمارە، وەبەرهێنەر بۆی نییە دەستكاریی هیچ پارەیەك بكات بەبێ ڕەزامەندیی وەبەرهێنان؛ هەروەها هەر گوژمەیەك بۆ پرۆژەكە پێویست بێت، لەو هەژمارەوە ڕادەکێشرێت؛ ئەویش بە ڕەزامەندیی وەبەرهێنان دەبێت، کە دەبێتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەر كەمتەرخەم نەبێت و پرۆژەكان بە باشی بەڕێوە بچن".

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری