Skip to the content

شاندێکی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە ئێران

بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگار و سەرپەرشتاری ئیدارە سەربەخۆکان پێک دێن، بە سەردانێکی فەرمی بچنە وڵاتی ئێران و سێ ڕۆژ بمێننەوە. لە کۆبوونەوەکانیشدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری بازرگانی بەشداری دەکات.
سابیر حوسێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "شاندەکە کۆتاییی ئەم مانگە (ئایار) دەچنە وڵاتی ئێران و لەوێش سەردانی شاری ورمێ دەکەن، بڕیاریشە سێ ڕۆژ لەو شارە بمێننەوە و چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارە بکەن".
ژمارەیەک شاندی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، یاوەریی شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە کۆبوونەوەکاندا پارێزگارانی ورمێ، کرماشان و سنە بەشداری دەکەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، ئەوەشی گوت: "سەردانەکە بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرانە لە بواری کولتووری و ئابووری".
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ وڵاتی دراوسێ پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات و هەماهەنگیی زیاتری کارگێڕی و ئابووری لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی وڵاتانی دراوسێدا بکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری