Skip to the content

حكومەتی هەرێمی كوردستان دووەم دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ توركیا کردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ـی ئایاری ٢٠٢٣، بە شێوەیەکی فەرمی دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی زێت کە دەکەوێتە ئیدارەی سۆران، لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە.

کارەکانی دەستپێکردنی کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەگەڕێتەوە، کە جگە لە هاموشۆی گەشتیاری، بۆ بزاڤی بازرگانی پەرەی پێ دەدرێت و بەگەڕ دەخرێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “كار بۆ ئەوە دەكرێت جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکە بەگەڕ بخرێت”.

دەروازەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ـی بەیانی تاکوو ٨ـی شەو کراوە دەبێت و پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکات.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروانمەزن، لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەبێتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری