Skip to the content

ناحیەى قوشتەپە کرا بە قەزا

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆى حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، ناحیەى قوشتەپەی سەر بە قەزاى دەشتی هەولێر کرایە قەزا.

وەزارەتی ناوخۆى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژى ٢١ى ئایارى ٢٠٢٣، لە بەیانی فەرمیی ژمارە ٩ى ساڵی ٢٠٢٣، بڕیارى هێنانەکایەى قەزاى قوشتەپەى داوە و ڕوونی کردووەتەوە "قەزاى قوشتەپە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە هەمان سنوورى ئێستاى ناحیەى قوشتەپە کرایە قەزا؛ ئەو بەیانە لە ڕۆژى دەرچوونی فەرمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٠ى ئایارى ٢٠٢٣ــەوە کارى پێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو دەکرێتەوە."

ناحیەی قوشتەپە لە ڕووی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە دەكەوێتە باشووری شاری هەولێر و لە باشوورەوە سنوری لەگەڵ سنووری ناحیەی پردێیە. هەڵكەوتەی جوگرافیی قوشتەپە وای كردووە شوێنێکی گرنگی هەبێت، بە تایبەت لەڕووی هاتووچۆوە؛ چونكە ڕێگەی سەرەكیی هاتوچۆی زۆر بەناو قوشتەپەدا دەڕوات.  شارۆچکەکە سەر بە قایمقامیەتی قەزای دەشتی هەولێر بووە و کۆی گشتیی گوندەکانی ٥٩ گوندە؛ ژمارەی دانیشتووانی ٢٦٣٥٤ کەسن.