Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: نەبوونی بودجە هۆکاربووە کە نەتوانرێت کێشەی جەنجاڵی چاکسازییەکان چارەسەر بکرێت

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی ٢٥ی ئایاری٢٠٢٣، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وۆرکشۆپێکی بە هاوکاری ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا، تۆڕی دادپەروەری بەندییەکان و ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی (PAO) بۆ تاوتوێکردنی ڕاسپاردەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی چاکسازییەکان و بنکەکانی ڕاگیران ڕێکخست.

لە وۆرکشۆپەکەدا کە نوێنەرانیی سەرۆکایەتیی هەرێم، وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی بوون، تیشکخرایە سەر گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە باشترکردنی ڕەوشی چاکسازی و بنکەکانی ڕاگرتن و پاراستنی مافی زیندانیان و ڕاگیراوان لەسەر بنەمای ئەو ڕاسپاردانەی لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی دا ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون.

د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند:''حکومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە جێبەجێکرنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڕوانێت، لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمەشی بە کردار دەستپێکردووە و بەپێی توانا هەنگاوی بۆ نراوە.''

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشدا کە چاکسازییەکان له ڕووی ئیدارییەوە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیین، بەڵام بە گشتی چەندین وەزارەت و دامودەزگا بەشدارن وەک وەزارەتەکانی تەندروستی، ناوخۆ، داد و دەستەڵاتی دادوەری، سەرەڕای ئەمەش، لەمیانەی جێبەجێکردنی پلانەکەدا دەرکەوت، سەرەڕای هەموو تەحەدییاتەکان بۆ باشترکردنی رەوشی گیراوان و چاکسازییەکان، کاری باش ئەنجامدراوە، ئەگەر لەگەڵ هەندێک وڵاتیش بەراورد بکرێت ڕەنگە تا ڕادەیەک حکومەتی هەرێم قۆناغی باشتری بڕی بێت، بەڵام دیدگای حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە زیاتر بەرەوپێش بچین بەپێی ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەجۆرێک بگەینە ئاستێک کە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکەین.

دواتر ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە کارەکانی حکومەت کرد و ڕایگەیاند:''بۆ باشتر کردنی ڕەوشی چاکسازییەکان و گیراوان، بەرەوپێشچوونی باش بەدی دەکرێت لە چاکسازییەکان، بۆ نموونە، فەراهەمکردنی دەرفەتی خوێندن بۆ سزا دراوان، ڕاهێنان و مەشقی پیشەیی، خولی وەرزشی جۆراوجۆر، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چەندین بواری دیکە. هەروەها چاکسازییەکانیش سەرەڕای ئەوەی جەنجاڵییان تێدایە، بەڵام زۆربەی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان تێیاندا ڕەچاو کراوە و لە ئاستێکی پێشکەوتوودان”.

سەبارەت بە تەحەدیاتەکانیش ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەدا کە نەبوونی بودجە لە ساڵانی ڕابردوودا هۆکارێکی سەرەکی بووە کە نەتوانرێت تا ئێستا کێشەی جەنجاڵی چاکسازییەکان وەکو پێویست چارەسەر بکرێت. هەروەها لە ڕووی یاساییەوە پێویستە چاو بخشێنرێتەوە بە چەند یاسا و ڕێنمایی و بڕیارێکی تایبەت بە چاکسازییەکان، بۆ نموونە یاسای نوێ دەربچێت و ئەو یاسایانەی کۆنن و بۆ ئێستا ناگونجێن هەموار بکرێنەوە، لێرەدا پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت لە نێوان حکومەت، پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، چونکە دواکەوتن لە دەرکردنی یاسا و هەموار کردنەوەیان، دەبێتە ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، لەم ڕووەوە پێویستمان بە هاوکاری و بەشداریی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەبێت.