لە ناوەندی شارەکان پرۆسەی دابەشکردنی نەوت دەستی پێ کردووە
حکومەتی هەرێم ١٢٥ ملیۆن لیتر نەوتی بەسەر ٦٢٠ هەزار خێزاندا دابەش کردووە و پرۆسەکەش گەیشتووەتە ناوەندی شارەکان.
ڕێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "لە ناوچە شاخاوییەکاندا نەوت دابەش کراوە و ئێستا لە ناوەندی شارەکاندا دابەشی دەکەین. بەوەش تا ئێستا ٦٢٠ هەزار خێزان لە دابەشکردنی ١٢٥ ملیۆن لیتر نەوت سوودمەند بوون."
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە داوامان کردووە حکومەتی فیدراڵی، نەوتی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە؛ ئەگەر بێت و بڕی پێویست بۆ هەرێم بنێرێت، بێگومان دەتوانین دوو بەرمیل نەوت بۆ هەر خێزانێک دابین بکەین."
زیاد عەبدولكەریم، هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە، لەوبارەیەوە گوتی: "هەبوونی نەوت و دابەشكردنی جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ نرخی بازاڕدا هەیە، ئەوەش هاوكارییەكە بۆ خەڵك. بەڵام گرنگە تێچوونی كەمتری هەبێت و ببێتە هۆی هاوكاریكردنی زیاتری خەڵك."
نەرمین محەممەد، هاووڵاتییەكی دیكەی شاری هەولێرە، لەسەر دابەشكردنی نەوت گوتی: "دابەشكردنی نەوت لە ناو شارەكان كارێكی باشە و لە كاتی خۆیدایە، باشترە لەوەی لە بازاڕ نەوت بكڕین، بەڵام تا نرخی كەمتر بێت باشترە و دەبێتە هۆی یارمەتیدانی خەڵك."
جێی باسە تا ئێستا ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و بڕی پێویست بۆ دابەشکردنی بەرمیلێک نەوت بەسەر هەموو خێزانێکی هەرێمدا ٢٦٥ ملیۆن لیتر نەوتە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری